دوو بنکەی میلیشیاکان بۆردومان كران
فڕۆکەیهكی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی میلیشیاکانی سەربە ئێرانی بۆردوومان کردووه

K24 - ههولێر:
بنکەیەکی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە سنووری نێوان عێراق و سووریا، یەکێکیش لە دێرزوور به فڕۆكهی بێفڕۆكهوان بۆردومان کران.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک ئەلبوکەمال هاوسنوور لەگەڵ عێراق بیستراوە، بەگوێرەی زانیارییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو، بنکەیەکی میلیشیاکانی سەربە ئێرانی لە ناوچەکە بۆردوومان کردووه، بەڵام زیانە گیانییەکان نەزانراون.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بۆردوومانێکی دیکە، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، بۆ سەر ناوچەی مەزارع سەربە دێرزور، کە میلیشیاکان بۆ مەشق و راهێنانی چەکداران بەکاری دههێنن.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەش 3 چەکداری حەشدی شەعبی لە بۆردوومانێکی هاوشێوەدا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.