17 ملیۆن دەنگدەر کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە
کۆمسیۆن: كارتی بایۆمەتری كڕین و فڕۆشتنی پێناكرێت

K24 - بەغدا
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی راگەیاند و ئاشکرای کرد، 17 ملیۆن دەنگدەر کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، ئامادەکاری تەواویان بۆ هەڵبژاردنەکان کردووە و 17 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان وەرگرتوەتەوە و دەتوانن لە 10ی مانگی تشرینی داهاتوودا دەنگ بدەن.
سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: "سەبارەت بە ساختەکاریی لە رێگەى کڕینى کارتى دەنگدانەوە، كارتی بایۆمەتری كڕین و فڕۆشتنی پێناكرێت، واتە کڕینى کارتى دەنگدان تەنیا دەنگۆیە و قسەی ناڕاستن كە بڵاودەكرێنەوە، ئەم رێكارانە وایكردووە كە ئەمجارە ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت".
جەختیکردەوە: "17 ملیۆن دەنگدەر کە کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، دەتوانن لە 10ی مانگی داهاتوودا دەنگ بدەن، بۆیە داوا لەهاووڵاتییان دەکەین بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن، چونکە باوەڕمان وایە بەشداریکردن لە دەنگدان تاکە دەرچەی چاکسازییە".
جەلیل عەدنان خەلەف، راشیگەیاند: "تاوەكو ئێستا 112 چاودێری بیانی گەیشتونەتە عێراق و 640 رۆژنامەنوس و نوێنەری کەناڵەکانی بیانیش هەڵبژاردنەکانی عێراق روماڵ دەکەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "بەهۆی سەرپێچیەوە تائێستا 20 کاندید دوورخراونەتەوە و داواش لە میدیاکاران دەکەین سەرپێچییەکانمان بۆ دەربخەن".