ئێران نمایشێكی دیكەی سەربازیی لە سنووری ئازەربایجان کرد
"توركیا چەكدارانی جهبھەتولنەسرهی لە سووریاوە بۆ سنووری نێوان ئێران و ئازهربایجان هێناوه"

K24 - ههولێر:
ئێران ئەمڕۆ ههینی، نمایشێكی دیكەی سەربازی لە سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ ئازەربایجان ئەنجامدا، لەو مانۆرە سەربازییەدا، چەك و تەقەمەنییە پێشكەوتووەكانی ئهو وڵاته تاقیكراوهتهوه و فەرەماندەی ھێزی وشكانیش رایگهیاند، ئەوان بهرگهناگرن له ھەبوونی تیرۆریست و ئیسرائیلییەكان لەسەر سنوورەكانیان، ھەربۆیە بە ئامادەیی و ھەستیارییەوە لە دۆخەكە دەڕوانن.
ئەگەرچی كۆماری ئازەربایجان نیگەرانی خۆی دەڕبریبوو، بەڵام ئێران نمایشە سەربازییەكەی خۆی لە سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ ئازەربایجان بەرێوەبرد، ھێزی وشكانی سووپای ئێران نوێترین چەك و تەقەمەنی و تەكنەلۆژیای سەربازی خۆی لەو سنوورانە تاقیكردەوە. ئامانجی سەرەكیش ئەوەیە كە ئێران لەدوا گۆڕانكارییەكانی سەر سنوورەكەی نیگەرانە.
كیومەرس حەیدەری، فەرماندەی ھێزی وشكانی سووپای ئێران گوتی: "ئێمە رێز لەدراوسێكانمان دەگرین، بەڵام ھەبوونی سەھیۆنیستەكان و گروپەكانی داعش لەسەر سنوورەكانی خۆمان تەحەموول ناكەین.
لە ماوهی یهك مانگدا لە سنووری ئازەربایجان، ئەوە دووەم مانۆری سەربازی ئێران بهڕێوهبچێت، ئەگەرچی "ئیلھام عەلیۆف"، سەرۆك كۆماری ئازەربایجان رەخنەی توندی لەو نمایشە سەربازیانە گرتووە، بەڵام لایەنی ئێران لە ھەڵوێستەكانی خۆیان توندن، لە ھەفتەی رابردووشدا بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران لە بەرزترین ئاستدا باسیان لە نیگەرانییەكانی خۆیان كردووە.
ئێران دەڵێت ئیسرائیل بنكەی سەربازی لە ئازەربایجان و لەنزیك سنوورەكانیان ھەیە، ھاوكات پێیانوایە لە شەڕی كەرەباخدا توركیا چەكدارانی "جهبھەتولنەسره"ی لە سووریاوە رەوانەی ئەو سنوورانە كردووە، بەڵام ئێستا كە شەڕەكە یەكلاییش بووەتەوە، ئەو گرووپانە كە ئێران بە تیرۆریستیان دەزانێت، لەو ناوچانە ھەر ماون.
لەگەڵ ئەوەش ئەگەرچی لەكاتی شەڕەكەدا ئێران پشتیوانی لە ئازەربایجان كردبوو، بەڵام ئێستا دڵی لای ئەرمینیایە، فەرماندەی ھێزی وشكانی ئێران ئاشكرای كرد، رێگە نادات سنووری وڵاتانی لاواز گۆڕانكاری بەسەردا بێت. نمایشە سەربازییەكانی ئێران لەكاتێكدایە، كە ئێستا ئێران سنووری وشكانی لەگەڵ ئەرمینیا نەماوە و ئازەربایجان لەو شوێنانە جێگربووە، كە پێشتر ئێران و ئەرمینیا بازرگانییەكی زۆریان تێدا دەكرد.
د.ی