من متمانه‌م به هه‌ندێك كه‌س هه‌یه، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه مه‌سعود بارزانی و حزبه‌كه‌ی
ئه‌یاد عه‌للاوی

K24- به‌غدا:
ئه‌یاد عه‌للاوی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه هۆكاری بڕیاری بۆ كشانه‌وه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا كرد و وێڕای ئاماژه‌دان به چه‌ندین كێشه‌ی ناوخۆی عێراق و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له كاروباری ناوخۆی وڵات و ناله‌باری دۆخ و ژینگه‌ی هه‌نووكه‌یی بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام گوتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من گه‌شبینم به ئایندهی عێراق، چونكه متمانه‌م به هه‌ندێك كه‌س هه‌یه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و حزبه‌كه‌ی، كه پارتی دیموكراتی كوردستانه، كه نایانه‌وێت عێراق كۆتایی بێت و وڵات وێران ببێت.
له‌باره‌ی بڕیاری كشانه‌وه‌یان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن گوتی: به‌هۆی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه نه‌بووه كه ئه‌و بڕیاره‌یان داوه، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردن بوو، چونكه كه‌شه‌كه له‌بار نییه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن. یه‌كه‌م چه‌كی له‌یاسا ده‌رچوو له‌ده‌ست گرووپه میلیشیاكاندا هه‌یه، گروپی چه‌كداری هه‌ن، پاره‌ی سیاسی رۆڵی گه‌وره ده‌گیڕێت، گه‌نده‌ڵییه‌كی فراوانیش له عێراق به‌ربڵاوه و كێشه‌ی دیكه‌ی زۆریش هه‌ن، له‌وانه‌ش بوونی هه‌ژموونی ده‌ره‌كی له‌ناوخۆی عێراق، وه‌ك هه‌ندێك وڵاتی دراوسێ و ده‌ستوه‌ردانی ئێران و توركیا و وڵاتانی دیكه.
ئه‌م گوتانه‌ی عه‌للاوی له‌میانه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 هاتوون و گوتی: له‌و دۆخه‌دا گونجاو نییه هه‌ڵبژاردنێكی پاك به‌ڕێوه‌بچێت، ئێمه داوامانكرد ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییش بێت جۆرێك له پاكی و بێگه‌ردی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌بێت، بۆچی ئێمه په‌نا ببه‌ینه به‌ر 83 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن؟ بۆچی عێراق به یه‌ك بازنه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی به‌ڕێوه نه‌برد؟، له‌وانه‌یه كورد رێژه‌ی به‌رز ببێته‌وه، كورد مافی خۆیه‌تی له شوێنه‌كه‌ی ده‌نگ بهێنێت، له‌به‌غداش به هه‌مان شێوه، بۆچی ئه‌مه ناكرێت؟! دواتر خۆ ئێمه به‌رپرسیار نین له بێبه‌شبوونی هاووڵاتیان له مافی ده‌نگدان، ئێستا 8 بۆ 9 ملیۆن عێراقی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین، ئه‌مه جگه له ئاواره و په‌نابه‌ران، به‌مه‌ش 10 بۆ 11 ملیۆن كه‌س له مافی ده‌نگدان بێبه‌ش ده‌كرێن، چۆن ئه‌مه ده‌بێت؟!.
هه‌روه‌ها گوتی: له خۆپیشاندانه‌كان خه‌ڵكێكی زۆر به چه‌كی بێمۆڵه‌ت و له‌یاسا ده‌رچوو كوژران و هیچ كه‌سێك ئاوڕی لێنهدانهوه و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كرد، له‌كاتێكدا داواكاری ئه‌وان نیشتمانێكه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری، بۆیه له ژینگه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه هه‌ڵبژاردنێكی پاك ئه‌سته‌مه.
هه‌وره‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، من داواكارییه‌كه‌م روون بوو، یه‌كه‌م: كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی به به‌شداری ئه‌و لایه‌نانه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌شدارن، نه‌ك ئه‌و هێزانه‌ی به پشتیوانی وڵاتانی بیانی دروستبوون، واتا مه‌به‌ستم پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و هێزه‌كانی دیكه كه رۆڵیان بینیوه، كۆنگره ببه‌سترێت و نهخشهڕێگهیهك دابنرێت، به‌بێ ئه‌مه ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن هیچ پاكییه‌كی تێدا نابێت، به‌ڵام هیچ كه‌س گرنگیی به بیرۆكه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه نه‌دا ته‌نها برایانی كورد نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان به‌ته‌نیا كاریگه‌ری ته‌واویان نابێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئێمه ویستمان هه‌ڵبژاردنێك بكرێت، كه ده‌موچاوه‌كان بگۆڕدرێن و ئه‌نجامی ئه‌رێنییان هه‌بێت، چونكه هه‌ندێك هێز هه‌ن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه جارێكی دیكه بگه‌رێنه‌وه گۆڕه‌پانه‌كه، له‌كاتێكدا پێشتر تۆمه‌تبار كراوه، ئه‌مه چۆن ده‌بێت؟!
گوتیشی: پێویسته رێز له نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا هه‌بێت، به‌ر له ماوه‌یه‌ك كێشه‌یه‌ك له نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بوو، هه‌رچه‌ند من له‌ده‌سه‌ڵاتیش نیم، به‌ڵام توانیم چاره‌سه‌ری بكه‌م، دواتر سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سوپاسی كردم، منیش گوتم پێویست به سوپاس ناكات و كورد له وڵاتێكی دیكه نین، ئێوه به‌شێكن له ئێمه و ئێمه‌ش به‌شێكین له‌ئێوه.
وه‌ك دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی عێراق ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عه‌للاوی گوتی: كه ئه‌و گه‌شبینه به ئایندهی عێراق، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، یه‌كه‌م: كاردانه‌وه‌ی ناوچه زۆرینه شیعه‌كان روونه، مه‌به‌ستم له خۆپیشاندانه‌كانی تشرینه. دووه‌م: من تا ئیستا متمانه‌م به هه‌ندێك كه‌س هه‌یه، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه مه‌سعود بارزانی و حزبه‌كه‌ی، كه پارتی دیموكراتی كوردستانه، ئه‌وان نایانه‌وێت عێراق كۆتایی بێت و وڵات وێران ببێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت پارێزگاری له عێراق بكه‌ن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌یانه‌وێت مافه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مه چی تێدایه؟! بۆیه ئه‌مه‌یه كه وام لێ ده‌كات گه‌شبین بم به ئایندهی عێراق.
هه‌وره‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكشێته‌وه، هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت وه‌ك ئه‌فغانستان كێشه بۆ عێراقیش بنێنه‌وه، بۆیه به كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كاره‌سات دروست ده‌بێت، چونكه عێراق ئه‌و توانایه‌ی نییه رووبه‌ڕووی هێرشی داعش و قاعیده و چه‌كی له‌یاسا ده‌رچوو ببێته‌وه، دواتر كێشه‌ی گه‌وره له عێراق سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و چاره‌سه‌ركردنیان ئه‌سته‌م ده‌بێت.
ئه‌یاد عه‌للاوی له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاشكرایكرد، لێكنزیكییه‌كی زۆر گه‌وره له نێوان تێڕوانین و دید و بۆچوونه‌كانی من و سه‌رۆك بارزانیدا هه‌یه، من و ئه‌و زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیكین، نزیكترین و ئازیزترین كه‌سایه‌تی سیاسی عێراقی بۆ من، براكه‌م مه‌سعود بارزانییه، ئه‌ویش هه‌روا هه‌ست ده‌كات من لێیه‌وه نزیكم و له‌ڕووی بیری سیاسییه‌وه له‌یه‌كه‌وه نزیكین، من راشكاوم له‌گه‌ڵیدا، شتێك ناڵێم كه به دڵی ئه‌و بێت و له‌ڕاستیشدا خۆم له دژی بم. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش عه‌للاوی پرسی مادده‌ی 140ی وه‌ك نموونه هێنایه‌وه، كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه كردبوو و گوتی: من پێشتر به سه‌رۆك بارزانیم گوتبوو: ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی تێگه‌یشتوو كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه‌كات، ئه‌وا جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه كارێكی ئه‌سته‌مه، چونكه چاره‌سه‌ركردنی بابه‌تێكی له‌و شێوه‌یه، له توانای فه‌رمانبه‌رێك یان وه‌زیرێكدا نییه، ئه‌ویش پێی گوتم، تۆ راست ده‌كه‌یت، ئه‌مه كاری كه‌سانی سیاسی و ژیرمه‌ند و دادپه‌روه‌رن. بۆیه ده‌لێم نزیكییه‌كی گه‌وره له نێوان من و كاك مه‌سعوددا هه‌یه.
سه‌باره‌ت به بڕیاری كشانه‌وه‌شی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن گوتی: هه‌موو كوتله‌كه‌مان نهكشانهوهتهوه، ته‌نها من و كۆمه‌ڵه كه‌سێكی دیكه نه‌بین، چونكه ناتوانم درۆ له‌گه‌ڵ خۆم و خه‌ڵكی عێراقدا بكه‌م، ئه‌وانی دیكه‌شم له ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه سه‌رپشك كردن، كه به‌شداری بكه‌ن یان نا، چونكه ئه‌وانیش قوربانی زۆریان داوه و خوێنیان له‌پێناو ئه‌و وڵاته رشتووه.