لە هەولێر 15 کاندید سزا دران
سێ رۆژیان بۆ دیارکراوە

K24 - هەولێر
بەهۆی پێشێلکردنی رێنماییەکان، 15 کاندید لە هەولێر سزا دراون و سێ رۆژیشیان بۆ دیارکراوە، بۆ لابردنی پێشێلکارییەکانیان.
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی ژووری لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، بەشێک لە کاندید و لایەنە سیاسییەکان، سەرپێچی رێنماییەکانیان کردووە و زیاتر لە 15 کاندید بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دراون. ئاگاداریش کراونەتەوە کە لە سێ رۆژدا پێشێلکارییەکانیان ببەن، ئەگەرنا بڕی سزاکە زیاتر دەکرێت.
گوتیشی: "کاندیدەکان لەسەر ئەو جۆرە پێشێلکاریانە دوور ناخرێنەوە، بەڵام سزای مادی دەدرێن".
سەبارەت بە کاتی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن فەرهاد ئەسعەد، گوتی: "تا کاتژمێر 7ی بەیانی رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر کە دەکاتە رۆژی پرۆسەی دەنگدان، بانگەشە هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە کە وادەی بانگەشە کەمبکرێتەوە و 48 کاتژمێر بانگەشە رابگیرێت، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ بۆ ئێمە نەهاتووە".