تاڵیبان 13 كه‌س له‌ پێكهاته‌ی شیعه‌ له‌ سێداره‌ ده‌دات

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: یه‌كێك له‌و له‌سێداره‌دراوانه‌ كچێكی 17 ساڵییه‌

ژماره‌یه‌ك چه‌كداری تاڵیبان.. فۆتۆ: AFP
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری تاڵیبان.. فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌بێ دادگاییكردن 13 كه‌سی له‌ پێكهاته‌ی "هه‌زاره‌" له‌سێداره‌ دا، كه‌ شیعه‌ن، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تاڵیبان له‌سێداره‌داون، پێشتر سه‌ربازی ئه‌فغانستان بوون و خۆیان راده‌ستی تاڵیبان كردبوو.

به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌‌سێداره‌دانی ژماره‌یه‌كی خه‌ڵكی "هه‌زاره‌"‌ له‌ گوندی "كاهور"ی ویلایه‌تی دایكندی بووه‌، كه‌ 11 كه‌س له‌و كه‌سانه‌ ئه‌ندامانی هێزێكی ئه‌فغانستان بوون، له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ی مه‌ده‌نی له‌سێداره‌ دران، كه یه‌كێكیان كچێكی 17 ساڵان بووه‌.

خاتوو "ئه‌نیاس كالامار"، سكرتێری گشتیی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی گوتی: "له‌سێداره‌دانی هه‌زاره‌-ییه‌كان به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ لەسەر ئەوەی کە تاڵیبان هەمان پێشێلکارییە ترسناکەکانی ئەنجام ده‌دات، کە لە ماوەی حوکمڕانی پێشووی ئەفغانستاندا ناوبانگی ده‌ركردبوو".

ئاژانسی ئه‌سۆشه‌یتید پرێس بڵاویكرده‌وه‌، له‌ كۆی دانیشتووانی ئه‌فغانستان كه‌ 36 ملیۆنه‌، پێكهاته‌ی "هه‌زاره‌" 9%ی كۆی دانیشتووانه‌كه‌ی پێكده‌هێنن، زۆرجاریش ئه‌ندامانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعه‌ن و له‌ وڵاتێكی زۆرینه‌ی سوننین.

تا ئێستا هه‌ردوو گوته‌بێژی تاڵیبان، زه‌بیحوڵڵا موجاهید و بلال كه‌ریمی وه‌ڵامی ئاژانسی ئه‌سۆشه‌یتید پرێس-یان نه‌داوه‌ته‌وه‌، كه‌ داوای روونكردنه‌وه‌یان لێكرابوو.

كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاودێری به‌ڵێنه‌كانی تاڵیبان ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا‌ بزووتنه‌وه‌ تاڵیبان دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌فغانستانیان كۆنترۆڵ كرد، بڕیاری لێبوردنی بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ده‌ركرد بووه‌، كه‌ پێشتر پشتیوانی حكومه‌ته‌ رووخاوه‌كه‌ی ئه‌فغانستان بوون، به‌ڵێنی ئه‌وه‌شی دابوو، ئازادی بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان فه‌راهه‌م ده‌كات.

 

د.ی