لە فڕۆکەخانەی سلێمانی رێگری لە هەوڵێکی ساختەکاری کرا
24 کەس دەستگیر کران

K24 – سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، رێگری لە هەوڵێکی ساختەکاری و 24 گەشتیاریش دەستگیر کراون.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشکرای کرد: "ئەفسەر و کارمەندانی فڕۆکەخانە، بە هاوکارى ئاسایشی فڕۆکەخانە، لە رۆژى 5/10/2021 لە گەشتى (سلێمانی- دوسلدۆف) توانیان رێگرى بکەن لە هەوڵێکى ساختەکارى گرووپێکى گەشتیاران، کە ژمارەیان 24 گەشتیار بوو بە نیاز بوون گەشتى دەرەوەى وڵات بکەن، بەڵام دوای وردبینی لە دۆکیومێنت و بەڵگەکانیان دەرکەوت، هەڵگرى جۆرێک لە دۆکیومێنتن، کە هیچ بەڵگەیەکى فەرمی نەبووە بۆ سەفەرکردن بۆ دەرەوەى وڵات، گرووپەکە گواستراونەتەوە بۆ بنکەى پۆلیسى فڕۆکەخانە و لە ئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی لای دادگا دەبێت".
ئاماژە بەوەشکراوە: "لێرەوە دەستخۆشی وسوپاسى بەرپرس و ئەفسەر و کارمەندانى بنکەى نیشینگەى فڕۆکەخانە و تیمەکانى ئاسایش دەکەین لە جێبەجێ کردنى رێکار و رێنماییەکانى گەشتکردن و رێگە نەدان، بە دزەکردنى هیچ کەس و گرووپ و گەشتیارێک کە بیانەوێت بە شێوەى نایاسایی فڕۆکەخانەمان بەکار بهێنن بۆ گەشتکردن".