لە دژەتیرۆری کوردستانەوە بۆ هاووڵاتییان
"شێوازی شارستانییانە بگرنە بەر"

K24 – هەولێر
دژەتیرۆری کوردستان لە پەیامێکدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پەنا نەبەنە بەر تەقەی خۆشی، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵک.
لە پەیامێکدا دژەتیرۆری کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، بە مەبەستی دەربڕینی خۆشی و شادییەکانت بە هیچ شێوەیەک پەنا مەبەنە بەر تەقەکردن، وێڕای ئەوەی دیاردەیەکی ناشارستانی و نەخوازراوە، هاوکات دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسیی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان و رووداوی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دێنێت".
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: "داواکارین، هەر وەک چۆن لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا پابەند بوون بە رێنماییەکانەوە، بە هەمانشێوە پابەند بن بە رێکارە ئەمنییەکانیشەوە. هیوادارین هەمیشە لە خۆشی و شادیدابن، بەڵام بۆ دەربڕینی دڵشادییەکانتان تەنیا شێوازی شارستانییانە بگرنە بەر. جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک پەنا مەبەنە بەر تەقەی خۆشی، سەلامەتی و پاراستنی ژیانی ئێوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە".