وەزارەتی کارەبا لەبارەی پێوەری زیرەك روونکردنەوە دەدات
"كەسانێك بە مەرامی خراپ پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە و بەئەنقەست دەستكاریی پێوەرەكانیان دەكەن"

K24 – هەولێر
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوالیتی پێوەری زیرەک روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "كەسانێك بە مەرامی خراپ پڕوپاگەندەی دوور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكەنەوە و بەئەنقەست دەستكاریی پێوەرەكانیان دەكەن".
لە روونکردنەوەکەی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك لە وەزارەتی کارەبا هاتووە: "پێوەری زیرەك بە یەكێك لە سەركەوتووترین پڕۆژەكانی كارەبا دادەنرێت و بە كوالیتییەکی بەرز و بەپێی ئەزموونی چەندین وڵاتی بیانی تاقیكراوەتەوە و چەندین سوودی بۆ هاوڵاتیان هەیە. جێگای داخە كەسانێك بە مەرامی خراپ پڕوپاگەندەی دوور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكەنەوە و بەئەنقەست دەستكاریی پێوەرەكانیان دەكەن".
ئاماژە بەوەشکراوەوەزارەتی کارەبا دەڵێ: "ئەو هاوبەشانەی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە، كە سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک ئاشکرایە، وێڕای گرتنەبەری رێكاری یاسایی و سزای دارایی سەرپێچیكاران كە بە ئەنقەست دەسكاریی پێوەرەكە بكەن و بیشێوێنن، دەبێت تێچووی پێوەرەكە و چاككردنەوەشی لەئەستۆ بگرن، چونكە پێوەرەكە بەبێ بەرامبەر بۆ هاوبەشان بەستراوە و لەكاتی هەر هەڵەیەكی تەكنیكی یان گرفتێك، وەزارەتی کارەبا خەرجییەكانی لەئەستۆ دەگرێت، بەپێچەوانەوە هاوبەشەکە دەبێت تەواویی تێچوونی چاككردنەوە و دانانی پێوەرێكی دیكە، جگە لەسزادانی دارایی ئەو تێچوونەش لە ئەستۆ بگرێت".