وهزارهتی داد سندوقی سكاڵا بۆ هاووڵاتیان و فهرمانبهران دادهنێت
ههموو كهسێك دهتوانێت سكاڵاكهی بگهیهنێت و لیژنهیهكیش بۆ بهدواداچوونی سكاڵاكان پێكهێنراوه

K24- ههولێر:
لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم بۆ ئاسانكاری له مامەڵەی ھاووڵاتیان و زوو یەكلاكردنەوەی كاروبارەكانیان و سكاڵای ھاووڵاتیان و فەرمانبەران لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەت، وەزارەتی داد لە رێگەی سندووق، ژمارەی تەلەفۆن، ئیمەیڵ و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانهوه سكاڵا وەردەگرێت و كێشەكانیان دەخاتە ژێر لیكۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و زوو چارەسەركردنیان.
ههر لهو بارهیهوه هاووڵاتیهك بهناوی پیران بایز، كه بەھۆی وەرگرتنی چارسەری پزیشكی تووشی نەخۆشی دەروونی بووە و ماڵ و منداڵ و كارەكەشی لەدەستداوە، بۆ كوردستان24 گوتی: ماوەی نۆ ساڵ چارەسەری خراپی پزیشكیم وەرگرتووه و لهرێگەی ئەم سندووقەوە چاوەڕێی دادگا دەكهم، بۆ ئهوهی مافی خۆم وهربگرمهوه.
سندووقی سكاڵای ھاووڵاتیان و فەرمانبەران ھەموو رۆژانی پێنجشهممه دەكرێتەوە و لیژنەیەك بەدواداچوون بۆ سكاڵاكانیان دەكات، جگە لە ھاووڵاتیان سندووقی سكاڵا بۆ فەرمانبەرانیش دانراوە و لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیڵ و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش ھاووڵاتیان دهتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، ئەم ھەنگاوە لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، كە دەبێت لە كەمترین كاتدا وەڵامی پرسیار و داواكارییەكانی ھەموو ھاووڵاتییەك بدرێتەوە و مامەڵهی ھیچ ھاووڵاتیەك دوانەكەوێت.
یەكێك لە كارنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، نەھێشتنی رۆتینات و خێرا بەڕێكردنی كاروباری ھاووڵاتیانە لە دامودەزگاكانی حكومەت، بۆ ئهو مهبهستهش ھەموو رۆژانی سێشەممە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران چاوی بە ھاووڵاتیان دەكەوێت و لە زۆربەی وەزارەتەكانیش وەزیرەكان رۆژێك لە پرسگەی وەزارەت كاروباری ھاووڵاتیان بەڕێ دەكەن.
H.B