قۆناغى دووەمى شه‌قامی 150 مه‌تری هه‌ولێر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت
1100 كارمه‌ند و كرێكار رۆژانه به به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی 12 بۆ 14 كاتژمێر كاری تێدا ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگه‌یاند، قۆناغى دووەمى شه‌قامی 150 مه‌تری هه‌ولێر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت، كه تێیدا 1100 كارمه‌ند و كرێكار رۆژانه به به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی 12 بۆ 14 كاتژمێر كارده‌كه‌ن و زۆربه‌شیان كوردن.
یه‌كێك له پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییه‌كانی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژەی شه‌قامی بازنه‌یی 150 مەترییه، كه له لایه‌ن كۆمپانیای هێمن گرووپه‌وه بە چەند قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت. له قۆناغى یەکەمیدا، رێگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه تا رێگه‌ی به‌حركه کرایەوە و ئێستاش كاركردن له قۆناغى دووه‌می ده‌ستی پێ كردووه و به ته‌واوبوونیشی هه‌ردوو رێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر ـ شه‌قڵاوه و هه‌ولێر ـ سلێمانی به یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه، كه ئه‌وه‌ش ئاسانكارییه‌كی ته‌واو بۆ هاووڵاتیان ده‌كات و ئه‌و قەرەباڵغى نێو شارى هەولێر کەم دەکاتەوە.
پڕۆژەکە کەى تەواو دەبێت؟
فەرمانگەى میدیا و زانیاری ئاشكرای كرد، شه‌قامی بازنه‌یی 150 مەتری هه‌ولێر له پێنج قۆناغ پێك دێت. له ماوه‌ی رابردوودا به‌شی یه‌كه‌می قۆناغی یه‌كه‌م كاره‌كانی ته‌واو بوو و به رووی شۆفێراندا كرایه‌وه، کە رێگه‌ی شه‌قڵاوه تا رێگه‌ی به‌حركەیە به درێژی 10 کیلۆمەتر، ئێستاش كاركردن له قۆناغى دووه‌می ده‌ستی پێكردووه.
ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژەی 150 مەترى، سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی قۆناغى دووه‌می ئه‌م شه‌قامه تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: به‌شی دووه‌می ئه‌م شه‌قامه كه له رێگه‌ی شه‌قڵاوه تا رێگه‌ی كۆیه كاری تێدا ده‌كرێت، له 31ی ئۆگه‌ستی 2021 ده‌ستی پێ كردووه، وا بڕیاره له كۆتایی ساڵی 2022 ته‌واو بكرێت، کە درێژیه‌كه‌ی 7.6 كیلۆمەترە و بڕی گوژمه‌ی خهمڵێنراویش بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و به‌شه‌یان بریتییه له 87 ملیۆن دۆلار.
رەخساندنى هەلێکى زۆرى کار
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی كاركردن له‌م پڕۆژەیه و ژماره‌ی ئامێر و كرێكاره‌كان، ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق گوتیشی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژەیه پڕۆژەیه‌كی ستراتیژی و گه‌وره‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه ده‌مانه‌وێت به باشترین شێوه كاره‌كانی به‌ڕێوه‌بچێت تا له كات و ساتی خۆیدا بتوانین ته‌واوی بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رۆژانه 400 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 1100 كارمه‌ند و كرێكاریشمان هه‌یه، كه رۆژانه به به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی 12 بۆ 14 كاتژمێر كار ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیشه ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی زۆری كارمه‌ند و كرێكاره‌كانمان كوردن، كه ئه‌وه‌ش به‌و واتایه دێت كه ئێمه له رێگه‌ی پڕۆژەیه‌كی وەهاوە توانیومانه هه‌لی كار بۆ زۆر له گه‌نج و لاو و خه‌ڵكی خۆمان بڕەخسێنین، هه‌روه‌ها خاڵێكی دیكه كه گرنگه ئاماژەی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ماددانه‌ی له دروستكرنی ئه‌و پڕۆژە‌یه‌دا به كار هاتوون هه‌ر هه‌مووی به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه ئێمه له كۆمپانیای هێمن گرووپ دوو كارگه‌ی قیرى گەورە و مەسفایەکى قیر و كارگەیەکی به‌ردی شكاو و سێ كارگه‌ی كۆنكرێتمان هه‌یه، كه ئه‌مانه هه‌مووی وا ده‌كات سوود و قازانجی فره‌لایه‌نی بۆ كوردستان هه‌بێت.
پێكهاته‌ی قۆناغى دووەمى پڕۆژەکە
ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت له شه‌قامێكی سه‌ره‌كی به دوو ئاراسته پێک دێت، كه پانی هه‌ر یه‌كێكیان 20 مه‌ترە و نێوانى هەردوو سایدەکەش (دوورگه‌ی ناوه‌ندی) 20 مه‌تره، كه له داهاتوودا ده‌توانرێت سوودی لێ وەربگیردرێت بۆ سەوزکردن و یا فراوانکردنى شه‌قامه‌كه. له هه‌ردوو لای راست و چه‌پی شه‌قامه‌كه، شه‌قامی خزمه‌تگوزاریی هه‌یه، كه پانیی هه‌ر شه‌قامێكیان 23 مه‌تره و دوو سایدیشه.
لەم قۆناغەدا چوار پردی سه‌ره‌كی هەن كه دوو پردیان بۆ سووڕانه‌وه‌یه له چوارڕیانی هه‌ولێر ـ كۆیه و دوو پردیشیان بۆ سوڕانه‌وه و گۆڕینی ئاڕاسته‌یه. هەر لەم قۆناغەى پڕۆژەکەدا 13 ئاوبه‌ری سندووقیی جۆراوجۆر هەن، ئه‌مه جگه له دیواری پاڵپشتیی كۆنكرێتی و ته‌واوی بڕگه‌كانی كه پێویسته له دروستكردنی رێگاکەدا هه‌بێت وه‌ك هێماكان و په‌رژینی خۆپاراستن و سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ بۆ ته‌واوی رێگاكه.
كوالێتی جیهانیی لە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە
زۆر جار ده‌گوترێت دوای ته‌واوبوونی هه‌ر پرۆژەیهك گرنگترین قۆناغ ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌ویش قۆناغی چاودێری و چاككردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژەیه به ته‌واوی به‌و شێوه‌یه بێت، كه به‌رنامه و پلانی بۆ داڕێژراوه، له‌م باره‌وه ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق روونیكرده‌وه، ئێمه به گوێره‌ی مواسه‌فاتی جیهانیی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئاشتۆی ئه‌مه‌ریكی كاره‌كانی ئه‌م به‌شه ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌ڕووی كوالێتی و به‌كارهێنانی جۆری كه‌ره‌سته‌كان، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه قۆناغێكی پێویست و گرنگ هه‌یه له دوای قۆناغی دروستكردن ئه‌ویش قۆناغی به‌رده‌وامیدان و پاراستنی رێگه‌كه و چاككردنهوهیهتی.
درێژیی شه‌قامی بازنه‌یی 150 مه‌تری شاری هه‌ولێر 70 كیلۆمەتره ئێستا به هه‌ردوو به‌شی قۆناغی یه‌كه‌م و دووەم 17.6 كیلۆمەتری ته‌واو ده‌بێت و دوای ته‌واوبوونی به‌شی دووه‌می ئه‌م قۆناغه ئه‌و قه‌ره‌باڵغی و لۆده زۆره‌ی له سەر شه‌قامه‌كانی دیکەى هه‌ولێر هه‌یه به تایبه‌تی له ده‌روازه‌كانی شار، كه‌م ده‌بێته‌وه و ده‌بێته هۆی به‌ستنه‌وه‌ی رێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر ـ سلێمانی و جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژەیهش بە هه‌ماهه‌نگیی حكومه‌ت بووه و بۆ تهواوكردنیشى سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ته‌واوی ئاسانكارییەکى ئەنجام داوە.