كۆبانێ.. فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی ههسهدهیان كرده ئامانج
سێ کەس کوژران و چوار کەسی دیکە برینداربوون

K24 - ههولێر:
فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی هەسەدەیان لە کۆبانێ کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و چوار کەسی دیکە برینداربوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، کە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدەی لە کۆبانێ کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەسی نێو ئۆتۆمبێلەکە کوژراون و 4 كهسی دیکەش برینداربوون.
ئەمە دووەم هێرشی لەم شێوەیە لە ماوەی 72 کاتژمێردا لە کۆبانێ ئهنجام بدرێت، پێش سێ رۆژ ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە کۆبانێ لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژرابوون، کە دوو لەوانە ئەندامی پەکەکە بوون.
بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رووسیا تا رۆژی 25 ی ئەم مانگە دەرفەتی بە تورکیا داوە، کە سەرکردەکانی هەسەدە کە خەڵکی سووریا نین لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بکاتە ئامانج، لەبەرامبەردا هەسەدە سەرکردەکانی ئاگادارکردووەتەوە، کە نابێت لە بارەگاکانیان بچنە دەرەوە و هەر کەسێکیش پابەند نەبێت ئەوا رووبەڕووی سزای سەربازی دەبێتەوە.