ئيسرائيل پلان بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئه‌تۆمی ئێران داده‌ڕێژێت
ئێرانیش مووشه‌كه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاوده‌كاته‌وه

K24- هه‌ولێر:
میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایانكرد، ساڵی داهاتوو هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل راهێنان له‌سه‌ر هێرشكردنه سه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ته‌لئه‌ڤیڤ بودجه‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه ته‌رخان كرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خشته‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كانی نوێ كردووه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه له به‌رامبه‌ر ئه‌و پلانه‌ی ئیسرائیل، ئێرانیش مووشه‌كه‌كانی له جۆری زه‌مین - ئاسمانیی له سووریا، عێراق، لوبنان و یه‌مه‌ن بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل.
هێشتا ره‌شنووسه!!
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویكرده‌وه، "چه‌كی ئاسمانی به‌دوای تاكتیكێكی نوێوه‌یه بۆ بۆردومانكردنی ئه‌و دامه‌زراوه ئه‌تۆمییانه‌ی ئێران، كه له‌ژێر زه‌وین و زۆر پارێزراون، هه‌وره‌ها ئاماده‌كاریش بۆ ئه‌گه‌ری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران ده‌كات".
ئه‌و پێگه ئیسرائیلییه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "هه‌ندێك لایه‌نی پلانه‌كه‌ی ئیسرائیل كه هێشتا له قۆناغی ره‌شنووسدان، ده‌كرێت له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئئاماده بكرێن، به‌ڵام ئاماده‌كردنی ته‌واوی پلانه‌كه پێویستی به ماوه‌ی ساڵێكه".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیلی "مه‌كان" رایگه‌یاند، "حكومه‌تی نه‌فتالی بینیت فه‌رمانی به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردووه، ئه‌گه‌ر دانوستانی ئه‌تۆمی شكستیان هێنا، پلانی هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ئاماده بكه‌ن".
وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، پێشینه‌ی چڕی ئه‌و پرۆسه‌یه كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆی هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستی به جووڵه كردووه تا ئاماده‌كاری ته‌واوی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری له خشته‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كان و پێكهاته‌ی فڕۆكه‌وانی سه‌ربازیدا بكات. هه‌روه‌ها ناچار بووه به‌دوای میكانیزمێكدا بگه‌ڕێت، بۆ به ئامانجكردنی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه ئێرانییه‌كانی ژێر زه‌وی، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویست به تاكتیك و چه‌كی تایبه‌تمه‌ند هه‌یه.
هه‌روه‌ك به گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، "هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل ئاماده‌سازی بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان بۆ چه‌كه پێشكه‌وتووه‌كانی ئێران له‌كاتی ئه‌و هێرشه‌دا به چ میكانیزمێك رووبه‌ڕوو ببنه‌وه" و گوتیشی: "پێویسته ئیسرائیل سیناریۆی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی له ته‌واوی ناوچه‌كه له‌به‌رچاو بگرێت".
بۆمبێكی ئه‌تۆمی له‌ماوه‌ی ساڵێكدا
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كه به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "إسرائیل الیوم"، ئیسرائیل ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه ته‌واو بێت، ئێران ببێته وڵاتێكی ئه‌تۆمی، ئه‌مه‌ش له‌حاڵێكدا، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی له هه‌ڵوێستی جیهان له‌باره‌ی تاران و به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نه‌كرێت.
ئه‌و رۆژنامه ئیسرائیلییه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "ئیسرائیل هیواخوازه جووڵه‌یه‌كی دیپلۆماسی و ئابووری و كاری هاوبه‌ش ده‌ستپێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخاته سه‌ر حكومه‌تی تاران و به‌لایه‌نی كه‌م ناچار بكرێت بگه‌ڕێندرێته‌وه قۆناغی یه‌كه‌می رێككه‌وتنی پێشوو، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌لئه‌ڤیڤ بتوانێت كاتی ته‌واو به‌ده‌ستبهێنێت بۆ ته‌واوكردنی ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه".
"إسرائیل الیوم" له راپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "ئێران له‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردوو پیشكه‌وتنی گه‌وره‌ی له پیتاندنی یۆرانیۆمدا كردووه و رێژه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته سه‌رووی 60%"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای گه‌یشتن به رێژه‌ی 60%، پرۆسه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه بۆ 90% ئاڵۆز نییه و ده‌توانێت زۆر به‌خێرایی به‌و ئاسته بكات، كه پێی ده‌گوترێت ئاستی سه‌ربازی".
به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌كانی ئیسرائیل، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئێران خواستی ئه‌مه‌ی هه‌بێت و هیچ كه‌سێكیش رێگه‌ی پێ نه‌گرێت، له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانێت ببێته خاوه‌نی بڕی پێویست له‌و مادده‌یه‌ی بۆ درووستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی پێویسته.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێویسته ئێران هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌وپیشبردنی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی و پڕۆژه‌ی مووشه‌كه دوورهاوێژه‌كانی ته‌واو بكات و تاقیكردنه‌وه‌ش له‌سه‌ر مووشه‌كه‌كانی بكات، ته‌واوكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش پێویستی به ساڵێك تا دوو ساڵ هه‌یه.
ئێران مووشه‌كه‌كانی له ناوچه‌كه بڵاوده‌كاته‌وه
له‌چوارچێوه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیلی – ئێرانی‌دا، ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیلی (مه‌كان) له‌باره‌ی مه‌زه‌نده‌كانی هه‌واڵگری ئیسرائیل ئاشكرایكرد، له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ئێران پلانی بۆ دانانی سه‌كۆی مووشه‌كی جۆری زه‌وی – ئاسمان له سووریا، لوبنان، عێراق و یه‌مه‌ن داناوه، بۆ ئه‌وه‌ی رێ له هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بگرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دووپاتیكرده‌وه، تاران ده‌ستی به بڵاوكردنه‌وه‌ی سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی پیشكه‌وتوو له وڵاتانی ناوبراو كردووه، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له هێزه‌كانی و بریكاره‌كانی له هێرشی ئیسرائیلی.
له ساڵی 2013ـه‌وه تا ئێستا چه‌ندین جار هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل پێگه په‌یوه‌ندیداره‌كان به ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ناو خاكی سووریا كردووه‌ته ئامانج، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌ی كۆتاییدا، ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره هێرشانه تاڕاده‌یه‌ك سه‌خت و ئاڵۆز بوونه.
پێگه ئیسرائیلییه‌كه ئاشكرایكرد، سه‌ختی ئه‌و هێرشانه له‌وه‌دایه، "كه سووریا ئێستا توانای به‌رگریكردن له هێرشه ئاسمانییه‌كانی هه‌یه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئێران سیسته‌مه‌كانی دژه‌مووشه‌كی ئه‌و وڵاته‌ی نوێكرده‌وه"، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی سوپای سووریا بتوانێت زۆر له جاران خێراتر وه‌ڵانی هه‌ر هێرشێكی ئاسمانیی هێزه‌كانی ئیسرائیل بداته‌وه.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه دژه فڕینه تا ئێستا فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیلی نه‌كردووه‌ته ئامانج، به‌ڵام چه‌كی ئاسمانی به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ و مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی له دژی بوونی ئێران له سووریا داده‌نرێت.
شه‌وی رابردووش كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیلی جه‌ختی كرده‌وه، له كرده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مدوواییه‌یان له سووریا، مووشه‌كێكی ئێرانی ئاراسته‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئیسرائیلی كرا، به‌ڵام نه‌یتوانیوه بپێكێت. به‌ڵام ئه‌فیخای ئه‌دره‌عی، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل راستی ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌درۆ خسته‌وه.
H.B