ئهمهریكا: 30 ساڵە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ئەم پابەندییە بەردەوام دەبێت
باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق: بەرژوەندییەکانمان لە عێراق زۆر جیاوازترن لەو بەرژوەندییانەی ئێمەیان بردە ئەفغانستان

K24 - ههولێر:
ماتیو توولەر، باڵیۆزی ئەمهریکا لە عێراق له میانی بهشداریكردنی له دیداری رۆژههڵاتی ناوهڕاست بۆ توێژینهوه (مێری) له ههولێر رایگەیاند، سزاکانی وڵاتەکەی لەدژی میلیشیاکانی سەربە ئێران و ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر هەولێر و ناوچەکانی دیکە لە عێراق هیچ کاریگەریان نەبووە و نەیانتوانیوە هەڵوێستی میلیشیاکان بگۆرێت.
توولەر له دیدارهكهدا گوتی: وڵاتەکەی ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە بەشێوەیەک وەڵامی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بداتەوە، کە کاریگەری هەبێت. لەبارەی پابەندییەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر هەرێمی کوردستانیش باڵیۆزی ئەمهریکا لە عێراق ئاماژهی بهوه كرد، 30 ساڵە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ئەم پابەندییە بەردەوام دەبێت.
باڵیۆزی ئەمهریکا لە عێراق ئاشكرای كرد، لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرەوە، پێموایە تا ئێستا (8) بۆ (9) هێرش ئەنجامدراون، ئێمە دەزانین ئەو درۆنانە و جۆری تەقینەوەکانیش کە بەکاردەهێنن ئێرانییە. ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان عێراق و ئێراندا هەیە، ئێمە دژی ئەوە نین ئێران پەیوەندی لەگەڵ عێراق ههبێت، بەڵام ئەو پەیوەندییانە دەبێت لە بەرژوەندی هەردوولا و لەسەر بنەمای رێز بێت.
روونیشكردهوه، ئەوەی ئێران دەیکات پشتیوانی و هاوکاری ئەو میلیشایانە دەکات لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتن و حکومەتی عێراق خۆی دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە. ئەوەشی کە باس دەکەن هێرشی درۆنەکان لە سەر هەرێمی کوردستان بۆ بوونی ئەمهریکا و هێزە بیانیەکانە، نەخێر من پێموایە ئەمە بۆ حکومەتی هەرێمی و حکومەتی عێراق راستەوخۆیه و دەبێت خۆیان لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
توولەر گوتیشی: لەبارەی کاریگەری ئەو سزایانەی ئێمە بەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەکاندا سەپاندوومانن، بەداخەوە، کاریگەرییەکی بەرچاویان نەبووە، چونکە تاکلایەنە بوون، هەندێک لەوانەی سزادراون هیچ هەژمارێکی بانکیان لە ئەمهریکا نییە، هیچکات نایانەوێت گەشتی ئەمهریکاش بکەن، بۆیە ئێمە ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین کاردانەوەکانمان بۆ لەمەودوا بەشێوەیەک بێت بتوانێت کاریگەری لەسەر میلیشیاکان هەبێت.
باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق جهختی لهوه كردهوه، 30 ساڵ تێدەپەرێت بەسەر دیاریکردنی ناوچەی ئارام لە هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش ئەو هاوپەیمانی و دۆستایەتییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەمە پابەندی ئەمهریکایە و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت.
لەبارەی بەراوردی عێراق و ئەفغانستان و کشانەوەی ئەمهریکا، توولهر باسی لهوه كرد، عێراق و ئەفغانستان زۆر جیاوازن و بەرژوەندییەکانمان لە عێراق زۆر جیاوازترن لەو بەرژوەندییانەی ئێمەیان بردە ئەفغانستان.