کۆنترین پارچە ئاسەواری عێراق لە سلێمانییە
تەمەنی زیاتر لە 100 هەزار ساڵە

K24 – هەولێر
بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەک کۆنترین پارچە ئاسەواری عێراق لە سلێمانییە، کە تەمەنی زیاتر لە 100 هەزار ساڵ دەبێت.
مۆزەخانەی سلێمانی یەکێکە لە گرنگترین مۆزەخانەکانی عێراق و خاوەنی هەزاران پارچەی گرنگی ئاسەوارین، کە بەشێکیان لە هۆڵەکانیدا بۆ بەرچاوی میوانەکانی نمایشکراون.
هاشم حەمە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی دەڵێ: "مۆزەخانەی سلێمانی لەسەر ئاستی مۆزەخانەکانی عێراق پلەی دووەمە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش لە پلەی یەکەمدایە بەپێی پێوەرەکانی ژمارە و گرنگی پارچە ئاسەوارییەکان و پاراستنیان".
ئاماژەی بەوەشکرد: " کۆنترین پارچەی مێژووی کە تاوەکو ئێستا دۆزراوەتەوە، پاچە کۆڵە یان تەورێکی دەستی بەردینە کە تەمەنی 100 هەزار ساڵ پێش زایینە، لە ناوچەی بەردە بەلکە دۆزراوەتەوە کە پێدەشتێکە لەنزیک شارۆچکەی چەمچەماڵ".
روونیکردەوە: "بەپێی بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەم ناوچەیە و لە ئەشکەوتی شانەدەر گوڵ بۆ سەر گۆڕی مردوو بەکارهاتووە".
سەرچاوە: ئەنادۆڵ




