"گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن شکستیهێناوە"
نوجەبا: ئەمەریکا پابەند نەبووە
K24 - هەولێر
سەردکردەی گرووپێکی چەکداری عێراق، ئەمەریکا بە پابەندنەبوون بە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، گفتوگۆکان شکستیهێناوە.
ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن شکستیهێناوە. ئەمەریکا، بە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتەوە، بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی پابەندنەبووە".
کەعبی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەمەریکا لە رێگەی هێڵی گواستنەوەی میسر و ئەفغانستانەوە هێزەکانی بۆ عێراق دەگوازێتەوە".
میلیشیای نوجەبا گرووپێکی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبییە و لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
پێشتر بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا رایانگەیاندبوو، کە هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.
لە 8/8/2021، وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند "دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان، ھێزی (ئۆ تی ئێچ)ی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کشاوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ بنکەی بورینگ لە کوێت".
لەوبارەوە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، کشانەوەی هێزێکی هاوپەیمانان بە وەڵامدەرەوەی دەرهاویشتەکانی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن ناوبرد و نووسیویەتی "ئەم هەنگاوە سەلماندنی پابەندبوونی عێراق و ئەمەریکا بە رێککەوتنەکەیان".