رێواز فایەق: لەبەرامبەر لێشاوێک لە ناهەقی، بە تەنیا جێمان دەهێڵن

"لە بەرامبەر رایگشتی کەس ناتوانێت بڵێ دژی توانا و هاتنە پێشەوەی ژنم"

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گلەیی لەوە دەکات، کە پشتیوانی لە ژنان ناکرێت و هەر هێندە پشتیوانیان دەکرێت تا دەیانبەنە شوێنێک دواتر بەجێیان دەهێڵن. وەکخۆی دەڵێ: لەبەرامبەر لێشاوێک لە ناهەقی، بە تەنیا جێمان دەهێڵن.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی میدیایی دەنگەکانمان، لە هەولێر رایگەیاند: "کاتێک دێتە سەر دۆزی ژن، لە بەرامبەر رایگشتی کەس ناتوانێت بڵێ دژی توانا و هاتنە پێشەوەی ژنانم، هەموویان لەگەڵن. دەستمان دەگرن تا دەمانبەنە شوێنەکە لەوێوە بەجێمان دەهێڵن، وەک ئەوە وایە تۆ بتەوێ پڕۆژەیەک ئەنجامبدەیت و لە رۆژی کردنەوەی جێی بهێڵی، ئەوانەی کە بڕوایان بە مافەکانی ژنان هەیە، لەبەرامبەر لێشاوێک لە ناهەقی، بە تەنیا جێمان دەهێڵن. ئەمە بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک، بۆ وەزیرێک و بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتی، تا ئەوێ ئێمەتان خۆشدەوێت کە ئەمانخەنە شوێنێکە، ئیتر لەوێوە جێمان دەهێڵن".

گوتیشی: "داواتان لێدەکەم بۆ من نا، چونکە سوپاس بۆ خوا من ژنێکی بەهێزم، بەڵام بۆ لەمەودوا کە پاڵپشتی ژنێکتان کرد و بردتانە شوێنێک لەوێ بە تەنیا جێی مەهێڵن، پشتیوانی بکەن، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، گلەییتان لێی هەبوو زانیتان باش نوێنەرایەتیتان ناکات، گرووپ دروست بکەن و بڕۆن پێی بڵێن تۆ سەرکەوتوونیت و دەتوانیت وا ئیش بکەیت، ئەگەر بە قسەی نەکردن ببن بە بەشێک لە کێشەکە یان هەڵمەتەکە".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، راشیگەیاند: "هەموو ئەو ژنانەی گۆرانی دەڵێن، شانۆکارن یان دامەزراوەیەک بەڕێوەدەبەن، رۆژانە دەیان هەزار جنێویان پێدەدرێت، رۆژانە هەندێک کەس تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ جنێودان بە دایک و خوشک و ژن بەکاردەهێنن. پیاوەکان کە لەنێوان خۆشیان شەڕ دەکەن جنێو بە ژنەکان دەدەن، ئێمە چیمان کردووە ئەو ژنانەی رۆژانە جنێومان پێدەدرێت، هیچ".

رێواز فایەق، ئاماژەی بەوەشدا: "نەک ژنەکان، پیاویش ناتوانێت بە تەنیا شەڕەکە بکات، هەرچەندە من باوەڕم بەوە نییە سەنگەر هەبێت لەنێوان ژنان و پیاوان، بۆ چارەسەرکردنی دۆزی ژنان، بەڵام دەبێ سەنگەرێک لەنێوان ئەوانە هەبێت کە راستگۆیی باوەڕیان بە تواناکانی ژنان هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە باوەڕیان پێی نییە و خەڵک چەواشە دەکەن، چونکە ئەوان بە ژمارە لەگەڵمانن، بەڵام دژن".

Fly Erbil Advertisment