وەزارەتی کارەبا: پتر له یهك ملیۆن پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان بەستراون
"سیستەمی کارەبا سەقامگیر دەبێت"

K24 - هەولێر:
بریکاری وەزارەتی كارهبا بڵاویكردهوه، ملیۆنێک و 500 هەزار پێوەری زیرەك بە بڕی 253 ملیۆن دۆلار بۆ بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا دابین کراوە.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی كارهبای حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، وهك قۆناغی یەکەم، 350 هەزار پێوەری زیرەک بە پرۆسەی لینکینگ بەگەڕ خراون و بە پێی ئەم پێوەرە، کارەبای هاوبەشان دەخوێندرێتەوە.
راشیگهیاند، لە ماوەی ئەمساڵ بەشی هاردوێری پرۆژەکە (بەستنی پێوەرکان) تەواو دەبێت و لە ساڵی ئایندەش بەشی سۆفت وێرەکەی (بەگەر خستنی پێوەرەکان) تەواو دەبێت، بە هۆی پێوەری زیرەکەوە بهمشێوهیه دهبێت:
- کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت.
- سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەبێت.
- بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەبا ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسولەی کارەبا چاپ دەکرێت و دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا.
- سیستەمی کارەبا سەقامگیر دەبێت.
- گۆڕەرەکانی کارەبا بە تایبەتی لە زستاندا لە سوتان و دەستکاری کردن دەپارێزرێن.
- توانایی سنووردارکردنی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا هەیە.
جهختیكردهوه، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم 6,900 مێگاواتە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سوتەمەنی 3500 تا 3800 بەرهەم دێنین.
روونیكردهوه، سێ سەعات و نیو ماوەی پێدانی کارەبامان زیاتر کردووە و لە نێوان 17-18 کاتژمێر کارەبا دراوە و هەوڵ دەدەین لە وەرزی زستان لە سەر ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا بەردەوام بین.