لیژنه‌ی پێوانه‌كردنی زیانه‌كانی لافاو له هه‌ولێر راپۆرته‌كه‌ی خسته‌ڕوو
K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، لیژنه‌ی پێوانه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌كانی لافاو، كه له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێوانه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌كانی لافاوی چه‌ند رۆژی رابردووی پارێزگای هه‌ولێر پێكهێنرابوو، راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی زیانه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته خسته‌ڕوو.
به‌گوێره‌ی راپۆرتی لیژنه‌ی ناوبراو، زیانی گه‌وره‌ی ماددی به‌ر دانیشتوانی ئه‌و شوێنانه كه‌وتووه، كه لافاوه‌كه گرتبوویه‌وه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هیچ زیانێكی گیانیی به‌دواوه نه‌بووه.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر:
دواى ئەوەى رۆژى شەممە 2021/10/30، بەهۆى بارینى شەپۆلێکی بارانى بەخوڕ لافاو له بەشێکى شارى هەولێر روویدا، لەسەر فەرمان و راسپاردەى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پارێزگاى هەولێر لێژنەیەك لە بەرێوەبەرایەتى رووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکانى پارێزگا، بەرگرى شارستانى هەولێر، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، لقى هەولێرى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقی پێکهێنرا، بۆ زانین و دەرخستنى رێژەى ئەو زیانانەى کە بەهۆى لافاوەکەوە بەر هاووڵاتییان کەوتووە، دەرەنجام زەرە و زیانەکان بەمشێوەیەى لاى خوارە دیاریکران:
یەکەم/ 500 خێزان، ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی له‌ناوچووە.
دووه‌م/ 130 ئۆتومبێل بەر لافاو کەوتن و لەکار کەوتوون.
سێیەم/ 127 خانوو زیانیان بەرکەوتووه.
چوارەم/ 2 قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکى دروستکردنى شەقام و تۆڕکانى کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیان بەرکەوتووە.
پێنجەم/ سوپاس بۆ خوداى گەورە کە هیچ زیانێکى گیانى نەبوو.
نووسینگەى پارێزگارى هەولێر
2021/11/1
H.B