ئاماژه‌ی جه‌نگێكی گه‌وره له رۆژئاوای كوردستان ده‌ركه‌وتوون
رۆژئاوای كوردستان له‌به‌رده‌م هێرشێكی دیكه‌ی فراواندایه.. گێژه‌ڵۆكی شه‌ڕ رووسیا، سووریا، ئێران، توركیا و هه‌سه‌ده ده‌گرێته‌وه

K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی سووریا و هێزه ئێرانییه‌كان ده‌ستیان به كۆكردنه‌وه‌ی هێزێكی گه‌وره له ده‌وروبه‌ری شاری "باب"ی باكووری سووریا كردووه، وێڕای كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری فڕۆكه‌ی هێلیكۆپته‌ری جه‌نگیی رووسی له‌و ناوچه‌یه.
هاوكات شه‌ڕێكی سه‌خت له نێوان گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" له باكووری حه‌له‌ب ده‌گوزه‌رێت.
له‌و باره‌یه‌وه عومه‌ر ره‌حمون، ئه‌ندامی پێشووی ده‌سته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سووریا بۆ ئاژانسی رۆژنامه‌وانی سه‌ربه‌خۆ ئاشكرایكرد، دانوستانی نێوان هه‌سه‌ده و حكومه‌تی سووریا شكستیان هێناوه و وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له نێوان هێزه‌كانی توركیا و حكومه‌تی دیمه‌شق، ده‌یه‌وێت ناوچه‌كه راده‌ستی توركیا بكات".
ره‌حمون گوتی: "هه‌سه‌ده ده‌یه‌وێت هه‌مان سیناریۆی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه دووباره ببێته‌وه، ئه‌ویش له رێگه‌ی كشانه‌وه‌ی هه‌سه‌ده و پێشڕه‌وییه‌كانی توركیا له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا".
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیك، ئه‌ندامی پێشووی ده‌سته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سووریا گوتی: "پێده‌چێت له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا بكه‌وینه به‌رده‌م كرده‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی توركیا، كه ئامانجه‌كه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت له باكووری پارێزگای حه‌له‌ب و مونبج له رۆژهه‌ڵات و كۆبانێ، عه‌ین عیسا و ته‌ل ته‌مره".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشووی حكومه‌تی سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بوونی هێزه‌كانی رووسیا له‌و ناوچه‌یه ته‌نیا شتێكی ره‌مزییه، به‌تایبه‌ت كه تا ئێستا هه‌سه‌ده ده‌روازه‌كانی به‌ڕووی سوپای سووریادا نه‌كردوونه‌ته‌وه.