هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی سووری سه‌باح فه‌خری كۆچی دوایی كرد
هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو به ستایلی گۆرانی (قودودی حه‌له‌بی) ناوبانگی ده‌ركردبوو

K24- هه‌ولێر:
هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی سووری سه‌باح فه‌خری، ناسراو به "ئه‌بو كه‌لسومی سووریا" له ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
وه‌زاره‌تی راگه‌یاندن و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی سووریا رایانگه‌یاند، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سه‌باح فه‌خری، هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی وڵاته‌كه‌یان كۆچی دوایی كرد.
سه‌باح فه‌خری له‌دایكبووی ساڵی 1933ی شاری حه‌له‌به و له ژیاندا چه‌ندین پۆستی جیاوازی به‌ڕێوه‌بردووه، له‌وانه‌ش نه‌قیبی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب و به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵی سووریا بۆ گۆرانی.
هونه‌رمه‌ندی كۆچكرد له ساڵی 1948 په‌یمانگه‌ی گۆرانی و میوزیكی "شه‌رقی"ی له دیمه‌شق ته‌واو كردووه و جگه له توونه جیاوازه‌كه‌ی له گۆرانی گوتن، هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی زۆر باشی له ژه‌نینی ئامێری عود هه‌بوو.
خوێندنی میوزیكی له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستایانی به‌توانای ئه‌وكاتی سووریا ته‌واو كردووه، وه‌ك: شێخ عه‌لی ده‌روێش، شێخ عومه‌ر به‌تش، مه‌جدی عقێلی، نه‌دیم ئیبراهیم ده‌روێش و محه‌مه‌د ره‌جه‌ب.
سه‌باح فه‌خری ناوبانگی به گۆرانیی فۆلكلۆری سووری ده‌ركردووه، به‌تایبه‌ت "قودودی حه‌له‌بی"، كه ستایلێكی گۆرانی گوتنی تایبه‌ت به پارێزگای حه‌له‌به، وێڕای ستایلی (موشه‌حاتی ئه‌نده‌لوسی) و ژماره‌یه‌ك هۆنراوه‌ی گه‌وره شاعیرانی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی عه‌ره‌ب، وه‌ك به‌راوردێكیش له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو، ئوم كه‌لسوم، نازناوی ئه‌بو كه‌لسوم درابووه پاڵ ناوی سه‌باح فه‌خری.
H.B