ئيسرائیل حه‌شارگه‌یه‌كی ته‌مه‌ن 54 ساڵه‌ی سوپای سووریای له به‌رزاییه‌كانی جۆلان دۆزییه‌وه
پڕه له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی شه‌ش رۆژه‌ی یه‌نایه‌ری 1967 ده‌گه‌ڕێته‌وه

K24- هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتی لابردنی مینی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری ئیسرائیل ئاشكرایكرد، حه‌شارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سووری‌یان له به‌رزاییه‌كانی جۆلان دۆزیوه‌ته‌وه و چه‌ندین چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیی تێدایه، كه مێژووه‌كه‌یان بۆ جه‌نگی شه‌ش رۆژه‌ی یه‌نایه‌ری ساڵی 1967 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
حه‌شارگه‌كه له ناوچه‌ی "موته‌سه‌بیه غادۆت" دۆزراوه‌ته‌وه، كه له سه‌رده‌می به‌ر له ده‌ستپێكردنی ئه‌و جه‌نگه‌دا، گه‌وره‌ترین په‌ناگه بوو بۆ سوپای سووریا و له‌وێوه سه‌ربازانی سووریا بۆردومانی كه‌ناره‌كانی حۆله‌یان ده‌كرد.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، تا ئێستاش هه‌زاران مینی چێندراوی سه‌رده‌می جه‌نگه شه‌ش رۆژییه‌كه له كێڵگه‌كانی ئه‌و شوێنه ماون.
رۆژنامه‌ی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه، به سه‌دان چه‌كی جۆراوجۆر و گوللـه‌تۆپ و هاوه‌ن و ته‌قه‌مه‌نی جیاواز له‌و حه‌شارگه‌یه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه و هه‌موویان له‌ناو قوتوبه‌ندی ره‌سه‌نی خۆیان مابوونه‌وه و ده‌سه‌ڵاتداران به‌گوێره‌ی پێوه‌ر و بنه‌ماكانی سه‌لامه‌تی له‌ناویبردوون.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، كاتێك ئه‌و حه‌شارگه‌یه دۆزراوه‌ته‌وه، كه ده‌سه‌ڵاتداران سه‌رقاڵی كاركردن بوون بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینه‌كان.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و مینانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌وكاتی سووریا له ناوچه‌كه چاندوویانه، تا ئێستاش به‌ته‌واوی شوێنه‌كانیان نه‌زانراوه، بۆیه ده‌وروبه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ی گومانی له‌سه‌ر هه‌یه، ته‌لبه‌ندكراوه.
H.B