تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ تاوانه‌كانی داعش: كورد  قوربانی ده‌ستی تیرۆر بووه‌

"كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنتی تاوانه‌كانی داعش له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی یونیتاده‌"

ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئێزدی له‌ ده‌ست داعش رایانكردووه‌، ئابی 2014
ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئێزدی له‌ ده‌ست داعش رایانكردووه‌، ئابی 2014

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ كریستیان ریتچه‌ر، راوێژكاری تایبه‌ت و سه‌رۆكی نوێی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ تاوانه‌كانی داعش (یونیتاد UNITAD) كرد.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رایگه‌یاند، تیمی یونیتاد له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی تیمی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان رازین، كارو ئه‌ركه‌كانیان به‌ پێی پێوه‌ر و ستانداردی جیهانیه‌.

راشیگه‌یاند، كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنتی تاوانه‌كانی داعش له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی یونیتاده‌، ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌هێزكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و لێكۆڵه‌ره‌وانی دادوه‌ری له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی مه‌شق و راهێنانی تایبه‌ت، ده‌ربڕی.

روونیكرده‌وه‌، كورد  قوربانی ده‌ستی تیرۆر و توندوتیژی بووه‌، دوا نمونه‌یان رێكخراوی تیرۆریستی داعش و تاوانه‌ قێزه‌وه‌نه‌كانیان بووه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و گه‌لی كوردستان به‌ تایبه‌ت، بۆیه‌ ئه‌وان وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵ و تواناكان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ به‌سزا گه‌یاندنی تیرۆریستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تیان ئه‌نجامداوه‌.

ئاماژه‌یپێكرد، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دادگایی كردنی تاوانباران و تیرۆریستانی داعش و پرۆسه‌ی دادگاییكردنیان بۆ تیمی یونیتاد خسته‌ڕوو.

جه‌ختیكرده‌وه‌، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن دادگایه‌كی تایبه‌ت بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای له‌ سه‌رۆكی تیمی یونیتاد كرد پالپشتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

لایه‌نێكی دیداره‌كه‌
لایه‌نێكی دیداره‌كه‌
Fly Erbil Advertisment