توركیا كاتژمێر سفر بۆ هێرشكردنه سهر رۆژئاوای كوردستان دادهنێت
مۆسكۆ و واشنتن بهرامبهر ههڕهشهكانی ئهنقهره بۆ هێرشكردنه سهر رۆژئاوای كوردستان بێدهنگن

K24- مۆسكۆ:
تا دێت هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی رۆژئاوای کوردستان زیاتر دەبن، ئهنقهره کاتژمێری سفری بۆ پەلامارەکە داناوە، بەڵام تا ئێستا روون نیە کە دەخوازێت چ ناوچەیەك داگیر بکات. ئەوەشی تائێستا جێی سەرنجە بێ دەنگی مۆسکۆ و واشنتنە لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەنقەرە.
لهوبارهیهوه د.ئیقبال دیوررە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە مۆسکۆ تایبهت بۆ كوردستان24 گوتی: ئەمهریکا و رووسیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتریشدا، بەئاشکرا رەزامەندیان دەرنەبڕیبوو .
ههروهها دووپاتیكردهوه، "ئەگەر گۆڕانی گەورە لە تورکیا روونەدات، ئەوا ئەنقەرە ئەم پەلامارە سەربازییە دەستپێدەکات، زۆر کەس دەڵێن: تورکیا بەبێ گڵۆپی سەوزی رووسیا ئەو پرۆسە دەست پێناکات، لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشتردا، ئەمهریکا و رووسیا بە ئاشکرا رەزامەندیان دەرنەبڕیبوو و لارینەبوونیشیان ناڕاستەوخۆ بووە، پێدەچێت هەمان سیناریۆ دووبارەبێتەوە. بۆ رووسیا گرنگە کاریگەری و رووبەری ژێر دەستی تورکیا لە سووریا کەمبکاتەوە، ئێستا تورکیا کۆنترۆڵی نزیکەی 9 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشهی خاکی سووریا دەکات، ئەگەر تورکیا لە ناوچەی ئیدلیب لە هەندێ شوێن بکشێتەوە، دەشێت رووسیا بوار به توركیا بدات لە نزیك سنوورەکانی خۆی هەندێك پێشڕهوی بكات، چونکە ئەم هاوکێشەیه هەم تورکیا لە خاکی سووریا بێهێز دەکات، هەمیش هێزەکانیشی نزیك دەکاتەوە لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی یەپەگە".
ئاماژهی بهوهشدا، "لە لایەکی دیكهوه رووسیا دهیهوێت ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان دووچاری کێشەی ناوخۆیی نەبێت، ئەوا لە دەرەوە و لە سووریا رووسیا ئاستەنگی بۆ دروست ناکات، پاشان لایەنێکی دیكهی ئەم بابەتە ئەوەیە، کە رووسیا بەهیوایە ئەم ئۆپەراسیۆنە کێشەکانی نێوان تورکیا و ئەمهریکا قووڵتر بکاتەوە، هەروەك ئەمەش دیسان بە قازانجی مۆسکۆ تهواو دەبێت".
بەرپرسانی باڵای تورکیاش جهخت لهوه دهكهنهوه، بوونی هێزەکانی پەیەدە لەسەر سنوورەکانیان هەڕەشەی رژدن لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان، پەیوەست بەم بابەتە دكتۆر سەعید غەفورۆڤ، مامۆستای زانکۆ لە مۆسکۆ رایەکی پێچەوانەی هەیە و دهڵێت: "من پێموایە هەڕەشەکانی تورکیا نە پەیوەندییان بە ئاسایشی وڵاتەکەوە هەیە نە پەیوەندییان بە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرەوە هەیە، بەڵکو سەرچاوەی ئەم هەڵچوونە سیاسەتی ناوخۆ و کێشەکانی سەرۆگ ئەردۆغانن".
جهختیشیكردهوه، "گرفتی ئهردۆغان ئەوەیە کە تەختەکەی جێگیر نییە، ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردن شارە گەورەکان لەدەستدەدات و پارێزگارەکان دەدۆڕێن، بۆیە دەیەوێت باری لاری خۆی هاوسەنگ بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەلاماری حەسەکە و کوبانێ دەدات و ئەو دەڤەرە دەکاتە قوربانی مەرامەکانی خۆی".
ههورهها گوتی: "سهبارهت به مۆسکۆش، ئامادەیی و ناردنی فڕۆکەی جەنگی رووسیا بۆ قامیشلو، کە نزیکی حەسەکەیە، ئەو ئومێدە بە من دەدات، کە ئەمجارە رەنگە شەر روونەدات، چونکە رووسیا دەخوازێت هەلومەرجێك سازبکات، بۆ ئەوەی هێزەکانی یەپەگە لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆ و ناکۆکییەکانیان یەکلابکەنەوە".
ئاماژهی بهوهشدا، "شەڕ لە سووریا زۆر گران لەسەر رووسیا دەوەستێت، بۆیە رووسیا لهو وڵاته هەوڵ بۆ پرۆسەی ئاشتی دەدات، ناردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ سووریا بۆ فشارخستنهسهر لایهنهكان نییه، بەڵکو بۆ دابینکردنی هەلومەرجی گفتوگۆیە، چونکە کێشەی گەورە و چارەسەرنەکراو لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی یەپەگەدا نییە، ئەوهی هەیە بە دانوستان چارە دەبێت، چونکە کێشەکان زیاتر لە دەوری بودجە، بەشداری کورد لە سوپا و دەزگا هەستیارەکانی دەوڵەت، ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و هتد. دەخولێنەوە".
ماوهی چەند رۆژێکە رۆژئاوای کوردستان بە دۆخێکی نالەباردا گوزەر دەکات، لە لایەك رووسیا دەخوازێت هێزەکانی ئەسەد کۆنترۆڵی تەواوی خاکی سووریا بکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، پسپۆر و شارەزایانیش لە مۆسکۆ پەلاماری سەربازی تورکیا بەدوور نابینن، ئەوەی جێی سەرنجە بێ دەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە لە ئاست ئایندەی رۆژئاوای کوردستان.
H.B