ههولێر و بهغدا لهسهر لادانی بەربەستەكانی گواستنەوەی بەروبومەكان رێككهوتن
بڕیاردرا بۆ لەمەودوا كۆمپانیایەك سەرجەم بەرھەمەكان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بگوازێتەوە

K24- ههولێر:
پێشانگای بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و ئاژەڵیەكان كۆتایی ھات و ھەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتن بۆ لادانی بەربەستەكانی گواستنەوەی بەروبومەكان. بڕیاریشدرا بۆ لەمەودوا كۆمپانیایەك سەرجەم بەرھەمەكان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بگوازێتەوە و گرێبەستێكیش بە بەھای 10 ملیار دینار ئیمزا كرا.
به گوتهی ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ لەو پێشانگایەدا گرێبەستێك بە بەھای 10 ملیار دینار لەگەڵ كوشتارگەی مریشكی ئاكرێ واژۆ كرا، كە 2 ملیۆن مریشك دوای سەربڕین و بەستنیان بگوازنەوە بۆ شارەكانی ناوەراست و باشووری عێراق، بڕیاریش درا بە سهرجهم ئاستەنگەكانی بەردەم گواستنەوەی بەرھەمەكانی سامانی ئاژەڵ لابدرێن و نوێنەرایەتی ھەردوو وەزارەت لە ھەولێر و بەغدا كارا بكرێنهوه.
بۆ چارەسەری كێشەی گواستنەوەی بەرھەمە ئاژەڵیەكان لە نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان، ھەولێر و بەغدا لهسهر ئهوه رێككەوتن، كه رۆژانە ئەو بەرھەمانە لە رێگەی كۆمپانیای دابینكردنی پێداویستیە كشتوكاڵیەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ شارەكان بگوازرێنەوە، تاڵب كەعبی، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەش گوتی: ھەردوو وەزارەت لێكتێگەشتنیان ھەیە و رۆژانە بەرھەمی ناوخۆ بۆ شارەكان دەگوازینەوە.
پێشانگای بەرھەمە كشتوكاڵیەكان ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە كرایەوە، بەھۆی گرنگیدانی كابینەی نۆیەم بە بەرھەمه كشتوكاڵییهكان و سامانی ئاژەڵ، رۆژ دوای رۆژ ھەرێمی كوردستان دەگاتە ئاستی بهرزتر لە خۆبژێوی، بەرزی كوالیتی بەرھەكانی ھەرێمی كوردستانیش لە شارەكانی عێراق زۆرترین خواستی لەسەرە.
H.B