لیوا یه‌حیا ره‌سووڵ: وه‌ڵامی هه‌ر لایه‌نێك ده‌ده‌ینه‌وه كه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر عێراق دروست بكات
"دۆخی ئه‌منی ناوچه‌ی سه‌وز جێگیره"

K24 - هه‌ولێر:
لیوا یه‌حیا ره‌سووڵ، گوته‌بێژی فه‌مانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه‌كانمان توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیان هه‌یه.
لیوا یه‌حیا ره‌سووڵ، گوته‌بێژه‌ی فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند، دۆخی ئه‌منی ناوچه‌ی سه‌وز جێگیره، هێزه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان به‌ڵگه له سه‌ر هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی كۆده‌كه‌نه‌وه.
راشیگه‌یاند، هێزه‌كانمان رێ‌و شوێنی تووندیان گرتووه‌ته به‌ر، لێكۆڵینه‌وه‌ش له شوێنی ئاڕاسته‌كردنی درۆنه‌كان ده‌كرێت.
ئاماژه‌یپێكرد، وه‌ڵامی هه‌ر لایه‌نێك ده‌ده‌ینه‌وه كه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر عێراق دروست بكات، هێزه عێراقیه‌كانیش رێوشوێنی ئه‌منی تووندیان گرتووه‌ته به‌ر.
كاتژمێره‌كانی دوای نیوه‌شه‌و بۆ به‌ره‌به‌یانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021، به دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا هێرشكرایه سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا هه‌واڵی برینداربوونی بڵاوكرایه‌وه، به‌ڵام دواتر خۆی و شانه‌ی ئه‌منی عێراقیش برینداربوونی كازمییان ره‌تكرده‌وه.
شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا رایگه‌یاند، هێرشه‌كه به دوو فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بووه.
مسته‌فا كازمی له تویتێكدا وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی خۆی راگه‌یاندووه، دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، ئه‌و به‌رده‌وام پرۆژه‌یه‌كی فیداكاری بووه بۆ عێراق و ئه‌و هێرشانه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رۆڵی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌قامگیری وڵات نابێت، هاوكات داوای دان به‌خۆداگرتن له هه‌موو لایه‌ك ده‌كات.
په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا راشیگه‌یاند، باس له برینداربوونی ژماره‌یه‌ك پاسه‌وانی مسته‌فا كازمی ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا هیچ ئامارێكی ورد له باره‌یه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه و هیچ كه‌سێكیش له‌سه‌ر برینداربوونی پاسه‌وانان لێدوانی نه‌داوه.