دەستەی ئامار: رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌می كردووه‌

"رێژه‌ی هه‌ژاری لە ھەندێك پارێزگاكانی عێراق لە سەدا 50 نزیك دەبێتەوە"

K24 - هه‌ولێر:

ھەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رەخساندنی ھەلیکار و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی و کشتوکاڵی وایکردووە، رێژەی ھەژاری تا ئاستێکی بەرچاو داببەزێت. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی رووپێوێکی سەرتاسەری خێزانی بۆ دیاریکردنی رێژەی هەژاری ئەنجام بدات. سەرۆکی دەستەکەش ئاشکرای دەکات رێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان بەپێی پێشبینی ئەوان کەمترە لە سەدا 10 بە بەراورد بە عێراق، کە لە ھەندێک پارێزگا رێژەی هەژاری لە سەدا 50 نزیک دەبێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی رووپێوییەکی نوێیە بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی تەواوی هەژاری، هەرچەندە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ناوە ناوە رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، بەڵام سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان دان بەو رێژانە نانێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، رێژەی هەژاری لە کوردستان زۆر کەمترە.

بەپێی ئەو داتایانەی کە لە بەردەست وەزارەتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستاندایە، رێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان کەمترە لە 10% و  ھێشتا لەخوار ستانداردی نێو دەوڵەتییەوەیە، گۆڤەند شێروانی، شارەزای ئابووری پێیوایە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق لە قۆناغێکی گەشەسەندنی تەواودایە لەڕووی رەخساندنی ھەلی کار و کەمکردنەوەی رێژەی ھەژاری بە بەراورد به‌ عێراق.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام کار لەسەر ھەمە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات دەکات، ئەمە بەدیاریکراوی کەمکردنەوەی رێژەی ھەژارییە و رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە بۆ کوردستانیان.

بەپێی ئامارەکانی وەزارتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستان رێژەی ھەژاری لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی لە نێوان 5% بۆ 8% و ئەم رێژەیە تا دێت کەمتریش دەبێتەوە، بەڵام لە پارێزگاکانی عێراق نزیک دەبێتەوە بۆ 40% بۆ 50% تەنیا لە بەغدا نەبێت، کە 15%ـه‌، میسان و بەسرە کە دەوڵەمەندن بە نەوت رێژەی ھەژاری گەشتووه‌تە سەرووی لە 50%.

Fly Erbil Advertisment