پێشمهرگه و سوپای عێراق ئۆپهراسیۆنێكی هاوبهشیان له پارێزگای نهینهوا ئهنجامدا
له ئۆپهراسیۆنهكه چەند تۆنێلێکی چەکدارانی داعش تێكشكێنران

K24 - ههولێر:
وەزارەتی پێشمەرگە رایگهیاند، لەسەر داواکاری وەزارەتی بەرگری عێراق بە قوڵای 5 کیلۆمەتر ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە میحوەری شەش لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجامداوه، له ئۆپهراسیۆنهكهدا توانرا چەند تۆنێلێکی چەکدارانی داعش کە بۆ خۆحەشاردانیان بەکاریاندەهێنا، تێکبدەن، لیژنەی پێشمەرگەش ئاماژهی بهوه كرد، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش زۆر گرنگە، بەڵام دەبێت ئەو بۆشایە ئەمنییە پڕبکرێتەوە؛ ئەگەر نا داعش بۆ ئهو شوێنانه دزە دەکاتەوە.
لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە یەکەمجارە لە سنووری پارێزگای نەینەوا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئۆپەراسیۆنەکە یەک رۆژ بەردەوام بوو، کە سنوورەکەی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، توانراوە بە قوڵایی 5 کیلۆمەتر ئەو ناوچانە ببپشکنن، کە داعش بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە خۆی تێدا حەشار دەدات، لیوا قارەمان شیخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆن روونیكردهوه، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر داواکاری وەزارەتی بەرگری عێراق بووه.
بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە درێژایی سنووری ناوچە کوردستانییەکانە، داعش ئەم بۆشاییەی به ههل زانیوه و خۆی رێکخستووەتەوە تا هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە و سوپای عێراق، سەعید مستەفا، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە له پهرلهمانی كوردستان، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە گرنگ دەزانێت، بەڵام لەو بڕوایەدایە ئەگەر بۆشایی ئەمنییەکە پڕنەکرێتەوە؛ داعش دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان، لیواکان لە مەشقدان و بڕیاریشە نزیکەی دوو مانگی دیکە بچنە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاری دەکرێت، بەڵام بە دوو لیوا ناتوانرێت ئەو سنوورە فراوانە کۆنترۆڵ بکەن، ئەم دوو لیوا هاوبەشە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە هەنگاوی باش دەبینرێت.