کارتی ڤاکسین بۆ سەردانی دامودەزگاکان دەکرێتە مەرج
"پێشبینی دەکرێت شەپۆلی سێیەم و چوارەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بن"

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، لە داهاتوودا کارتی ڤاکسین بۆ سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێت بە مەرج، بۆیە نەک تەنها ئەو کەسانەی سەفەر دەکەن، بەڵکو هەموو هاووڵاتییان پێویستیان بە کارتی ڤاکسینە. ئاماژەی بەوەشدا پێشبینی دەکەن شەپۆلی سێیەم و چوارەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بن و ژمارەی تووشبووان بەرزبێتەوە.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا، رایگەیاند: "ئێستا لەناو شەپۆلی سێیەمی کۆرۆناداین و رێژەی تووشبوون تائێستا %8ـە، لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دووبارە ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشانە و پێدەچێت شەپۆلی چوارەم روومان تێبکات، پێشبینی دەکەین لە هەرێمی کوردستان شەپۆلی سێیەم و چوارەم تێکەڵ بن و ژمارەی تووشبووان زیاد بکاتەوە، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بن".
گوتیشی: "تائێستا زیاتر لە 40 هەزار کارتی ڤاکسینمان دروستکردووە و ئێستا کارتی (پلاسیکی) دەستیپێکردووە، لەمەودوا ئەو کارتە نەک هەر بۆ سەفەر کردن، هەموو هاووڵاتییان پێویستیان پێدەبێت، لە داهاتوودا دوای ئەوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی مامۆستایان دیارکراوە، داوای ئەوە دەکەین هەر کەسێک سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکات یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت یان پشکنینی نوێی کۆرۆنا".
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە دوای وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاکسین، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داوای وەرگرتنی کارتی ڤاکسین بکەن، دەبێ هاووڵاتییان لەو بنکەیە داوای کارتی ڤاکسین بکەن کە ژەمەکانی ڤاکسینیان لێ وەرگرتووە. بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر وەرگرتنی کارتەکەش وەردەگیرێت تەنها 5 هەزار دینارە.