ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ هه‌موو پێگه‌یشتوویه‌ك پێویسته
فاوچی زانیاری له‌باره‌ی سێیه‌م ژه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌خاته‌ڕوو

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نتۆنی فاوچی، پزیشك و پسپۆڕیی نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان له ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی داتاكانی ئیسرائیل ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا، كه به ژه‌می پاڵپشتی ناسراوه، بۆ سه‌رجه‌م پێگه‌یشتووان گرنگه و بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.
فاوچی بۆ رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" ئاشكرای كرد، ژه‌می پاڵپشتی بۆ هه‌موو كه‌سێكی پێگه‌یشتوو گرنگه، كه هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینی كۆرۆنای وه‌رگرتبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێته بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و گۆڕاوه‌كانی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی ئیسرائیل به‌ده‌ستیهێناوه، پێدانی ژه‌می سێیه‌م له‌و وڵاته ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گرنگییه، كه كه‌سانێك هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه به‌ر له 6 مانگ یان زیاتر.
فاوچی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ "خۆشی" نییه، به‌ڵكو كارێكی سه‌ره‌كییه و ده‌بێت به‌م شێوه‌یه به‌ره‌نگاری ئه‌و په‌تایه ببینه‌وه، ئامانجیش له‌مه رێگریكردنه له شه‌پۆڵی گۆڕاوه‌كانی كۆرۆنا.
روونیشكرده‌وه، وا باشتر ده‌رفه‌تی وه‌رگرتنی ژه‌می سێیه‌م بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه فه‌راهه‌م بكرێت، كه هه‌ردوو ژه‌میان وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ملیۆنان كه‌س دیكه رزگار بكرێت.
تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا بڕیاری داوه ژه‌می سێییه‌م ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌نیا به‌و كه‌سانه بدات، كه سه‌رووی ته‌مه‌نی 65 ساڵین، كه به ده‌ست نه‌خۆشیی درێژخایه‌نه‌وه ده‌ناڵێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و كه‌سانه‌ی له ناوه‌ند پزیشكییه‌كان كارده‌كه‌ن، ژه‌می پاڵپشتی وه‌رده‌گرن.
به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه له سه‌رتاسه‌ری جیهان تا ئێستا زیاتر له 5 ملیۆن كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له 253 ملیۆن كه‌سیش تووشی كۆرۆنا بوون.