كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا رێگه‌پێدانی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

"هه‌ندێك له‌ سه‌رۆكانی ئه‌مه‌ریكایی ئه‌م یاسایه‌یان خراپ به‌كار ده‌هێنا"

كاپیتۆڵ.. باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له‌ واشنتنی پایته‌خت
كاپیتۆڵ.. باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له‌ واشنتنی پایته‌خت

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكی گفتوگۆكردنن له‌باره‌ی كۆتایی هێنان به‌ یاسای رێگه‌پێدانی جه‌نگ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵاته‌كه‌یان، كه‌ له‌ ساڵی 2003 ئه‌و بڕیاره‌ دژی عێراق و ئه‌فغانستان ده‌رچوو، بووه‌ته‌ مشتومڕی نێوانی كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كان.

له‌ ئێستادا كۆنگرێس كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م رێگه‌پێدانه‌ كۆتایی پێبێت، بووه‌ته‌ جێگه‌ی ره‌خنه‌ی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌، كاتێك سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌بێ ئه‌وه‌ی چاو له‌ جوگرافیا و دووری شوێنه‌كان بكات، ده‌توانێت شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێنێت.

یاساكه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، رێگه‌پێدراوه‌ گورزی سه‌ربازی دژی عێراق و ئه‌فغانستان به‌كار بهێنرێت، ئه‌میش له‌سه‌رده‌می جۆج بووشی كوڕ ئه‌م یاسایه‌ له‌ كۆنگرێسه‌وه‌ دژی سه‌دام حوسێن و ئوسامه‌ بن لادن ده‌رچوو، جیا له‌وه‌ش له‌ ساڵی 2020 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و یاسایه‌ی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ به‌كار هێنا، بووه‌ هۆكاری كووشتنی قاسم و سوله‌یمانی.

ئه‌و یاسایه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای ده‌ستكراوه‌ كردووه، وه‌ك سه‌رۆكی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ر كاتێك بیه‌وێت شه‌ڕ به‌رپا ده‌كات، ده‌توانێت بیكات، ئه‌گه‌ر بێتو هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر واشنتن دروست ببێت، بۆ ئه‌مه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆنگرێس ئه‌م كاره‌ ده‌كات.

دوای 4 رۆژ له‌ هێرشه‌كانی 11ـی سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001، كۆنگرێس ئه‌و رێگه‌پێدانه‌ی وه‌ك یاسا ده‌ركرد، رێگه‌ی به‌ هه‌ر سه‌رۆكێكی ئه‌مه‌ریكایی دا هێز به‌كار بهێنێت، ئه‌و كات ئه‌مه‌ریكا جه‌نگی دژی تیرۆری راگه‌یاند.

چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆنگرێس ئه‌و رێگه‌ پێدانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌میش له‌ چوارچێوه‌ی جێگیركردنی پڕۆژه‌ یاسای به‌رگری ساڵانه‌ كه‌ بڕی 768 ملیاری بۆ ئاماده‌ كراوه‌.

دوای 20 ساڵ له‌ ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌، تا ئێستا 2500 سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ر له‌ عێراقدا له‌ كۆی 170 هه‌زار سه‌رباز ماون، به‌غدا له‌ ئێستادا بووه‌ته‌ هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی واشنتن.

دیموكراته‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و جه‌نگه‌ درێژخایه‌نه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ جیهان هه‌ڵیگیرساندووه‌، كۆتایی پێبهێنێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، بۆ ئه‌مه‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مه‌ریكا پشتگیری كۆتایی پێهێنانی یاساكه‌ی كۆنگرێس ده‌كات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ تیم كاین، سیناتۆی دیموكراته‌كان له‌ كۆنگرێس رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌و رێگه‌پێدانه‌ی بۆ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌رچوو، ئه‌مه‌ بۆ كاتێك بووه‌، ئێستا ئه‌مه‌ریكا پێوستی پێی نییه‌.

پۆپ مینیندیز سه‌رۆكی لیژنه‌ی  په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ كۆنگرێس رایگه‌یاند، پێویست به‌وه‌ ناكات ئه‌م یاسایه‌ كۆتایی پێبهێندرێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ داوا ده‌كرێت كه‌ كۆتایی پێ بێت، هه‌ندێك له‌ سه‌رۆكانی ئه‌مه‌ریكایی ئه‌م یاسایه‌یان خراپ به‌كار ده‌هێنا.