عێراق: وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا درێژ نەکراوەتەوە
"ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و هاوکاری هێزەکانی عێراق"

K24 - هەولێر
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایدەگەیەنێت، درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق راست نییە و هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە وادەی دیاریکراو دەکشێنەوە.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق، رەتیکردەوە کە عێراق ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا درێژبکاتەوە، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەوە هەن راست نین.
جەختیکردەوە، دوا وادە بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی ئەمساڵە و گۆڕانکاری لەکاتە نەکراوە.
خەفاجی گوتیشی، دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پەیوەندیی و هەماهەنگی واشنتن و بەغدا بەردەوام دەبێت لە بواری راهێنان و پڕچەک کردنی هێزەکانی عێراق، هەروەها لە بواری هەواڵگری بۆ چاودێریکردن و دەرخستنی شوێنی چەکدارانی داعش.
پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، رۆڵی هێزەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، بەڵکو راوێژکارانیان لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق بەردەوام دەبن.