مەکگۆرک: پشتگیریی لە سەروەری خاکی عێراق و دەستوورەکەی دەکەین

"بەردەوام دەبین لە مەشق و راهێنان بە سوپای عێراق و ‌هێزی پێشمەرگە"

برێت مەکگۆرک
برێت مەکگۆرک

K24 - هەولێر

برێت مەکگۆرک، رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆشکی سپی، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە دایەلۆگی مەنامە لە پایتەختی بەحرەین رایگەیاند، واشنتن پشتگیریی لە سەروەری خاکی عێراق و دەستوورەکەی و دامودەزگا شەرعییەکانی دەکات و خۆشحاڵیشن کە دەبینن پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی پتەوتر بوون لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

مەکگۆرک گوتی: "لە بارەی عێراقەوە ئێمە پشتگیریی لە سەروەری خاکی عێراق و دەستوورەکەی و دامودەزگا شەرعییەکانی دەکەین و خۆشحاڵین، کە دەبینین پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی پتەوتر بوون لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. پابەندین بەوەی کە هاوپەیمانێتییەکی درێژخایەنمان لەگەڵ عێراق و دۆستانمان هەبێت".

گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی عێراق لە رووی سەربازییەوە، هەروەها بەردەوام دەبین لە مەشق و راهێنان بە سوپای عێراق و ‌هێزی پێشمەرگە، تا عێراق دەتوانێت بەرگری لە سەروەری خاکەکەی بکات". 

Fly Erbil Advertisment