رێواز فایه‌ق: په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندرووستمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌یه
ئه‌و یاسایانه‌ی ئێمه دامانناوه راسته‌وخۆ ناتوانێت ژیانی خه‌ڵك بگۆڕێت، ئه‌و یاسایانه دانانی بناغه‌یه بۆ سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی ئابووری

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رێواز فایه‌ق رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندرووستمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌یه و ده‌مه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رده‌وام بێت.
رێواز فایه‌ق، له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی راگه‌یاندن، له وه‌ڵامی پرسیارێكی كوردستان24 سه‌باره‌ت به پرسی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان گوتی: ده‌ستوور له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نووسرێته‌وه و له په‌رله‌مان متمانه‌ی پێ ده‌درێت، لیژنه‌یه‌ك ئاماده‌ی ده‌كات و له په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، ده‌شكرێت ئه‌ندامی په‌رله‌مان هه‌بێت له لیژنه 21 كه‌سییه‌كه بێت.
گوتیشی: هاتنی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كان بۆ په‌رله‌مان ئه‌ركێكی یاسایی و ده‌ستوورییه. له رووی ژماره‌ییه‌وه، له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان به‌راورد به خوله‌كانی رابردوو، زۆرترین جار سه‌رۆك وه‌زیران و زۆرترین ژماره‌ی وه‌زیری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتوونه‌ته په‌رله‌مان.

روونیشیكرده‌وه، ماوه‌ی 16 ساڵه پرسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لایه‌نه سیاسییه‌كان پێش ده‌ستپێكی كاری ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان پشتیوانیان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا چاره‌نووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان یه‌كلا بكرێته‌وه و ره‌شنووسه‌كه ئاماده بكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێستا هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی بۆچوونێكی جیاوازتریان له بۆچوونی پێشوویان هه‌یه، كه سه‌ره‌تا پشتیوانیان كردووه و ئێستا پاشه‌كشێ له هه‌ڵوێسته‌كانیاندا ده‌بینرێت.
رێواز فایه‌ق، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، نه‌بوونی ده‌ستوورێك له هه‌رێمی كوردستان وایكردووه، هه‌ندێك بڕیار و یاسا مه‌رجه‌عیه‌تێكی به‌رجه‌سته‌كراویان نه‌بێت، بۆ نموونه درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان كه ئه‌سڵ وایه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ده‌ستووریی بێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه، پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان روانگه‌یه‌كی روونیان بۆ ئه‌و پرسه هه‌بێت و به بێ بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی سیاسیی و ته‌وافقێكی نیشتمانی ناتوانرێت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه به‌ده‌ست بێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرد، كه به گوێره‌ی یاسا بڕیاره له (6ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2022) به‌ڕێوه‌بچێت و گوتی: ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كان هاوكار نه‌بن و یاسای كۆمیسیۆن هه‌موار نه‌كرێته‌وه، ئه‌سته‌مه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له واده‌ی خۆیدا بكرێت.
.jpg)
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی یاسای به‌سه‌رچووه و ته‌نیا ده‌توانێت ئیداره‌ی خۆی بكات و ده‌بێت په‌له بكرێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه یاساییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌وه‌شكرد، خولی یه‌كه‌م و دووه‌می په‌رله‌مان، ته‌نیا پێكهاتبوو له پارتی و یه‌كێتی و ده‌ركردنی بڕیار و یاسا ئاسان بوو و سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌ركی قورس نه‌بووه، له خولی سێیه‌مدا پارتی و یه‌كێتی زۆرینه بوون و ئۆپۆزیسیۆن ئه‌گه‌رچی به‌هێزیش بوو، به‌ڵام بڕیاره‌كان به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند ده‌كران. له خولی چواره‌میشدا ته‌نیا دوو كه‌س، كه په‌رله‌مانتاری كۆچكردووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی شوان قه‌ڵادزه‌یی و ئه‌بو كاروان بوون له حزبی شیوعی و لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌موویان له كابینه‌ی حكومه‌ت بوون. به‌ڵام له خولی پێنجه‌مدا سه‌رده‌مه‌كه گۆڕاوه و سۆشیال میدیا و میدیایه‌كی به‌هێز هه‌یه و ئاستی هۆشیاری تاك به‌رزه و ئۆپۆزیسیۆن هه‌یه بۆیه كاركردنی په‌رله‌مانی قورستره.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان روونیكرده‌وه، ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا بۆشایی یاسایی نییه و گوتی: ئه‌و یاسایانه‌ی ئێمه دامانناوه راسته‌وخۆ ناتوانێت ژیانی خه‌ڵك بگۆڕێت، ئه‌و یاسایانه دانانی بناغه‌یه بۆ سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی ئابووری.
سه‌باره‌ت به پرسی په‌نابه‌ران و ناردنی شاندێكی په‌رله‌مان بۆ پۆڵه‌ندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان گوتی: په‌نابه‌ره‌كان توڕه‌ن و ره‌نگه لیژنه‌ی په‌رله‌مان ناویان هه‌ر لێی قبوڵ نه‌كه‌ن، بۆیه لیژنه‌كه بۆ ئه‌وه‌یه سه‌ردانی پۆڵه‌ندا بكات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان باس له‌وه بكرێت به گوێره‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.