كوردستان24 پێشێلكردنی شكۆی ئاڵای كوردستان له‌ سلێمانی به‌ ڤیدیۆ ده‌خاته‌ڕوو

له‌ باره‌ی ئه‌و سوكایه‌تییانه‌وه‌ تا ئێستا داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی ره‌سمییان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

دیمه‌نی سوكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان
دیمه‌نی سوكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌یه‌كی كۆن بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك كه‌س هه‌وڵی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌ده‌ن، هه‌رچه‌ند له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، سوكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان نه‌كراوه‌، به‌ڵام كوردستان24 له‌ رێگه‌ی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی به‌رده‌ستی كه‌وتوون، پشتڕاستی ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ریزی خۆپیشانده‌راندا سوكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان كراوه‌.

له‌ باره‌ی ئه‌و سوكایه‌تییانه‌وه‌ تا ئێستا داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی ره‌سمییان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

سوكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان، یه‌كێك بوو له‌ باسه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئەنجوومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ رێزی و سووکایەتییەی كرد، کە  لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی  کوردستان کرا.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاندووه‌، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر.

پێشتر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ پشتبه‌ستن به‌ وێنه‌یه‌كی كۆن باس له‌وه‌ كرابوو، كه‌ هیچ سوكایه‌تییه‌ك به‌ ئاڵای كوردستان نه‌كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك له‌و ڤیدیۆیانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌ست كوردستان24 كه‌وتوون، به‌ روونی دیاره‌ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر ئاڵای كوردستانیان له‌سه‌ر زه‌وی راخستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌سه‌ریدا بڕوات و به‌ ده‌نگی به‌رز جوێن به‌ ئاڵاكه‌ ده‌ده‌ن و ئاگری تێ به‌رده‌ده‌ن.

راخستنی ئاڵا له‌سه‌ر زه‌وی، یه‌كێكه‌ له‌ سیما دیاره‌كانی "میحوه‌ری مقاوه‌مه‌" له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كه‌ زۆرتر ئه‌و گرووپ و میلیشیا چه‌كدارییه‌ مه‌زهه‌بییانه‌ی وابه‌سته‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهن له‌ عێراق، یه‌مه‌ن، لوبنان و سووریا ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌سه‌ر زه‌وی راده‌خه‌ن و به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕن وه‌ك سوكایه‌تییه‌ك به‌ ئاڵای ئه‌و دوو وڵاته‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشتر هاوشێوه‌ی ئه‌و ره‌فتاره‌ نه‌بینراوه‌ و یه‌كه‌مجاره‌ كه‌سانێك به‌ ئاشكرا ئاڵای كوردستان رابخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پیاده‌ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕن وه‌ك سوكایه‌تی.

بۆ بینینی ڤیدیۆكه‌ سه‌ردانی چه‌ناڵی كوردستان24 له‌ تێلیگرام بكه‌

@Kurdistan24news