مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم کار دەکات لەپێناو رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن".

لە پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: "حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای رەگەز".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، رایگەیاندووە: "داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتووری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین".

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:.

لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن. حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز.

بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین.

ئومێدەوارم هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

25 ی نۆڤێمبەری2021

Fly Erbil Advertisment