نزیكه‌ی هه‌زار په‌نابه‌ری دیكه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه
"فوئاد حوسێن له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌وروپاییه‌كانی له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه و هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ رێگرتن له بازرگانیكردن به هاووڵاتیانی عێراقی"

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، رایگه‌یاند، له 24 كاتژمێری داهاتوودا نزیكه‌ی هه‌زار په‌نابه‌ری دیكه له بێلاڕووسه‌وه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ عێراق.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه، ئه‌حمه‌د سه‌حاف، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه، رایگه‌یاند، وه‌زیری ده‌ره‌وه، فوئاد حوسێن له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌وروپاییه‌كانی له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه و هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ رێگرتن له بازرگانیكردن به هاووڵاتیانی عێراقی له لایه‌ن قاچاغچییه‌كانه‌وه و به‌غدا پێشوازی له گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ده‌كات.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، باڵیۆزخانه‌كانی عێراقی له مۆسكۆ و وارشۆ راسپاردووه، تیمی دیپلۆماتی ره‌وانه‌ی شوێنی مانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له وڵاتانی بێلاڕووس، لیتوانیا، لاتڤیا و پۆڵه‌ندا بكه‌ن و ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بكه‌ن.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه له كاروانی یه‌كه‌مدا 431 په‌نابه‌ر، له دووه‌مدا 176 په‌نابه‌ر، له سێیه‌مدا 435 په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌وه عێراق و چواره‌میش ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ده‌گاته‌وه و 431 په‌نابه‌ر له خۆ ده‌گرێت و سبه‌ش 430 په‌نابه‌ری دیكه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه.