پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون

داعش پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەی دا
ئەو هەمەرەی بۆمبی چەکدارانی داعشی پێدا تەقیوەتەوە - فۆتۆ: هەرێم جاف
ئەو هەمەرەی بۆمبی چەکدارانی داعشی پێدا تەقیوەتەوە - فۆتۆ: هەرێم جاف

K24 - گەرمیان

لە هێرشێکی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە کوڵەجۆ هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، دوای رووبەڕووبوونەوە، هێزی پێشمەرگە توانی هێرشەکەی داعش تێک بشکێنن، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک بە هەمەرێکی هێزی پێشمەرگە، 5 پێشمەرگە شەهیدبوون".

پەیامنێرمان روونیکردەوە: "لە سەرەتاوە کە چەکدارانی داعش هێرشیان کردووە، هێزی پێشمەرگە شکستی بە هێرشەکە هێناوە، چوار پێشمەرگە برینداربوون، دواتر هێزی پشتیوانی ویستویانە بریندارەکان بگوازنەوە، لەوکاتە بۆمب بە هەمەری هێزی پێشمەرگە دا تەقیوەتەوە و پێنج پێشمەرگە شەهیدبوونە".

یەکێک لەو پێشمەرگانەی لەکاتی هێرشەکە لەو سنوورە بووە، بە کوردستان24ی گوت: "سەرەتا چەکدارانی داعش بە چەکی قەناس تەقەیان کرد، ئێمەش بە هانای پێشمەرگەکان هاتین لەو خاڵە، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک دوو ئەفسەر بە پلەی رائید و سێ پێشمەرگە شەهیدبوون".

ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی لە هێرشەکە شەهید و بریندارن بوون
ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی لە هێرشەکە شەهید و بریندارن بوون