ئەو پێشمەرگەی شەوی رابردوو شەهیدبوو، منداڵەکەی تەمەنی چوار مانگە

محەمەد مەنسور کەمێک پێش شەهیدبوونی قسەی لەگەڵ باوکی کردووە

محەمەد مەنسور - مەرد محەمەد-ی کوڕی تەمەنی چوار مانگە
محەمەد مەنسور - مەرد محەمەد-ی کوڕی تەمەنی چوار مانگە

K24 – کەرکووک

محەمەد مەنسور، ئەو پێشمەرگەی شەوی رابردوو لەکاتی پەلاماری داعش لە سنووری کفری شەهیدبوو، ساڵێک و چوار مانگە هاوسەرگیری کردووە، کوڕەکەی بەناوی (مەرد) تەمەنی چوار مانگە. مەنسور سابیر باوکی محەمەد، دەڵێ: کەمێک بەر لە شەهیدبوونی بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کرد.

ئەمڕۆ تەرمی محەمەد مەنسور، لە گۆڕستانی رەحیماوا لە کەرکووک بە خاکسپێردرا، دیار مەنسور، برای شەهید محەمەد لەسەر گۆڕستان بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "بەهۆی پەلاماری داعش بۆ سەر گوندی چەخماخە دوای 16 ئۆکتۆبەر، لە گوندەکەمان ئاوارەبووین لە کەرکووک نیشتەجێ بووین و براکەشم لە سنووری کفری شەهیدبوو".

گوتیشی: "محەمەد ساڵێک و چوار مانگە هاوسەرگیری کردووە و منداڵەکەی تەمەنی چوار مانگە".

مەنسور سابیر، باوکی شەهید محەمەد، لە بارەی شەهیدبوونی کوڕەکەی دەڵێ: "کاتژمێر 10 شەوی رابردوو تا کاتژمێر 10:30 دووجار بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵی کرد، گوتم: چی هەیە گوتی هیچ، دواتر تەلەفۆنمان بۆ کرا گوتیان محەمەد بریندارە، کەمێک پاش ئەوە هاوڕێیەکی قسەی لەگەڵ کردین، گوتی شەهیدبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد: "شەو کە قسەم لەگەڵ محەمەد کرد، پێمگوت: وەرەوە ئۆتۆمبێلم گۆڕیووە و ئۆتۆمبێلی نوێمان کڕیوە، گوتی نایەمەوە، وەک ئەوەی دڵی هەواڵی دابێت".

مەنسور، لەسەر گۆڕی کوڕەکەی بە ورەیەکی بەرزەوە گوتی: "شانازی دەکەم ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی کوڕەکەمە و مادام کوردین دەبێ ئامادەبین لەژێر ئەو ئاڵایە شەهیدبین".

دەشڵێت: "تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان هەر رۆژە و چەند کەسێکمان لێ شەهید دەبێت".

شەوی رابردوو 29/11/2021، چەکدارانی داعش لە بەنداوی باوەنور لە سنووری کفری پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیاندا، بەوهۆیەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی محەمەد مەنسور شەهیدبوو، سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

Fly Erbil Advertisment