بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ شوێنەوار تەرخان دەكرێت
"دروستکردنی مۆزەخانەی نیشتمانی لە پایتەختی هەرێم کە دیزاینیشی بۆ کراوە، یهكێكه له راسپاردهكان"

K24 – ههولێر:
دروستكردنی مۆزەخانەی نیشتیمانی و گۆڕینی پەیكەری ئیداریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەوار، بەشێكن لە خاڵەكانی راسپاردەی كۆنفرانسی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپوور كە بە سەرپەرشتیی وەزارهتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوە چوو.
راگهیاندنی وهزارهتی شارهوانی له بهیاننامهیهكدا بڵاویكردهوه، ڕۆژی 20-11-2021 كۆنفرانسی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپوور دەستی پێ كرد و تێدا ئاماژه بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كرا، كه ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ شوێنەوار تەرخان دەكرێت، جیا له 1%ی داهاتی شارەوانییەكان، لهمهودوا بۆ شوێنەوار و كەلەپوور خهرج دهكرێت.
وهزارهتی شارهوانی راشیگهیاند، كەرتی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان، سێكتەرێكی سەرەكیی وەزارەتی شارەوانییه، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار جومگەكانی ئەو كەرتە بەڕێوە دەبات.
لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپووری خوێندەوە بریتین لە:
1. گۆڕینی پەیکەری ئیداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارو بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەو شێوەیەی کە گونجاوبێت لەگەڵ سروشتی شوێنەوارو کەلەپوور و یاسای نوێی شوێنەوارو کەلەپووری هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی پەسەند بکرێت.
2. زیادکردنی چەمکی شوێنەوار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بکرێتە شارەوانی و شوێنەوار و گەشتوگوزار .
3. بەستنەوە و گرێدانەوەی کۆمسیون و ئەو لیژنانەی لە دەرەوی ئیدارەی شوێنەوار پێکدەهێنرێن بە شوێنەوارەوە لە ژێر چاودێری ئیدارەی شوێنەوار بن.
4. دروستکردنی مۆزەخانەی نیشتمانی لە پایتەختی هەرێم کە دیزاینیشی بۆ کراوە .
5. تۆمارکردن و داتابەیسکردنی سەرجەم پارچە شوێنەواریەکانی مۆزەخانەکانی هەرێم لە ژێر کۆدێکی تایبەت کە لە هەر شوێنێک بێت بناسرێنەوە.
6. مۆزەخانەکانی هەرێم بکرێنە بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ، و هەموارکردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی شوێنەوارو کەلەپووری هەرێم ژمارە (5) ساڵی2021 دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە مۆزەخانەکان، ههروهها کردنەوەی مۆزەخانەی تایبەت بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی مۆزەخانەیان نییە (هەڵەبجە، ڕاپەڕین، زاخۆ، ئاکرێ، سۆران).
7. هەڵاوێرکردنی (استثناء) بیناو باڵهخانە کەلەپووریەکان و موڵکە شوێنەواریەکان لە بەکرێدان بە زیادکردنی ئاشکرا پاڵپشت بە مادەی (34) لە یاسای بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە (1)ـی ساڵی 2021 لەبەر بوونی تایبەتمەندی شوێنەوارو کەلەپوور، و دەسەڵات دراوە بە وەزیری شارەوانی.
8. تەرخانکردنی بودجەیەکی ساڵانە بۆ مەبەستی خۆماڵەکردنی بیناو باڵهخانە کەلەپووریەکان یان قەرەبووکردنەوەیان بە شێوازی عەینی لەسنوری شارەوانی خۆیان بە مەرجێک لایەنی سودمەند شوێنەوار بێت.
9. وەرگرتنی رەزامەندی ئیدارەی شوێنەوار لە بەکارهێنانی ناونیشانی شوێنەواری لە شوێنە بازرگانیی و پیشەسازی و کومپانیاکان و لە بەرامبەر پێدانی کرێ.
10. بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و دووبارە دروستکردنەوەی بیناو باڵهخانە کەلەپووریەکان لەبەرامبەر بەکارهێنانی لەلایەن ئەوانەوە لە ژێر چاودێری ئیدارەی شوێنەوار بە مەرجێک ڕەسەنایەتیان بپارێزێت .
11. دەرکردنی ڕێنمایی تایبەت بەیاسایی بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم بۆ هەموو ئەو ماددە یاسایانەی پێویستیان بە رێنماییە.
12. دانانی چەند بنەمایەکی یاسایی لە یاساکانی وەبەرهێنان و بانەوانی بە هاوبەشی و راوێژ لەگەڵ ئیدارەی شوێنەواری هەرێم تا بتوانرێت سوود لە پێگە شوێنەواری و باڵهخانە شوێنەواریەکان وەربگیرێت .
13. گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵک و بینا و باڵهخانانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ژێر ناونیشانی شوێنەوارو کەلەپوور خۆماڵەکراون، کە بە ناوی وەزارەت و دامەزراوەی تری حکومەتەوە تۆمار کراون بۆ سەر ناوی ئیدارەی شوێنەوار و کەلەپوور.
14. دەستنیشان کردنی یەکەی پۆلیسی تایبەت بە پاراستنی شوێنەوارو کەلەپوور لە لایەن پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکان، و ههماههنگ بکرێن لە گەڵ ئیدارەی شوێنەواری سنوری خۆیان بۆ پاراستن و رێگری کردن لە دەستدرێژیکردنە سەر ناوچە شوێنەواریەکان.
15. سەپاندنی باج لەسەر کۆمپانیا گەورەکان (بیناسازی، پیشەسازی، ووزە، ڕاگەیاندن، گواستنەوە و ئەنتەرنێت) لەژێر ناوی باجی پاراستنی بوژانەوەی شوێنەوارو کەلەپوور لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بە رێژەیەکی دیارکراو لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەک پاڵپشتیەک بۆ بوژانەوەی شوێنەوار رو کەلەپوور بخرێتە سەر ئەژمێری (حساب) شوێنەوار.
16. ئەو شوێن و ناوچانەی کە وەزارهتی ئەوقاف بەڕێوەیان دەبات کە شوێنەوارو کەلەپوورین بە پێی یاسای شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان ژمارە (5)ـی ساڵی 2021 مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەنجامدانی ڕووپێوی هاوبەش لە نێوان شوێنەوارو ئەوقاف.
17. تەرخانکرنی زەوی لە لایەن شارەوانیەکانی سنووری خاوەن بیناو باڵهخانە کەلەپووریە خۆماڵەکراوەکان، و ئەو باڵهخانانەی کە بە بینای کەلەپووری تۆمارکراون بەڵام لەبەر نەبوونی پارەی نەختینە بڕیاری خۆماڵەکردنیان بۆ دەرنەچووە لە لایەن دادگاوە بەگوێرەی یاسای خۆماڵەکردن .
18. مۆڵەتدان بە کەسانی ئاسایی و مەعنەوی بە کردنەوەی مۆزەخانەی کەلەپووری لە ژێر چاودێری و مەرج و ڕێنمایی تایبەتی ئیدارەی شوێنەوار لە بەرامبەر وەرگرتنی کرێی مۆڵەت.
19. دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی بە شوێنەوارو کەلەپوور شەش مانگ جارێک و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ تەرخانکردنی ئەو بودجەیەش لەلایەن لیژنهیەکی پسپۆڕی شوێنەوارو کەلەپوور دەخەمڵێنرێت .
20. تەرخانکردنی رێژەیەک لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بەڕێژەی 2٪ بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناو باڵهخانە کەلەپووریەکان لە سنووری ئیدارەی خۆجیەتی شارەکان.
21. شوێنەوارو کەلەپوور بخرێتە پڕۆگرامی خوێندنی لە وەزارەتەکانی پەروەردە لە سەرجەم قۆناغەکان بە باخچەی ساوایانەوە تا کو خوێندنی زانکۆیی و باڵاش.
22. خوێندنی باڵا ساڵانە چەند کورسییەک لە بوارەکانی بهکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا بۆ فەرمانبەرانی ئیدارەی شوێنەوار تەرخان بکات لە بوارەکانی (کارگێری و بەڕێوەبردن، شوێنەوارو کەلەپوور، ئەندازیاری تەلارسازی و ئایتی، ژمێریاری).
23. دامەزراندن و دانانی شوێنەوارناس لە خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان هەروەها وەرگرتنیان لە پۆلیس و ئاسایش بۆ پاراستن و ناساسینەوەی شوێنەوار و ڕێگریکردن لە دەرچوونیان بۆ دەرەوەی هەرێم بەشێوەی نایاسایی .
24. وەزارەتی دارایی ڕێنمایی تایبەت بە شوێنەوار و کەلەپوور دەربکات، بە راوێژ و هاوبەشی ئێدارەی شوێنەواری هەرێم بە شێوەیەک گونجاوبن لەگەڵ سرووشتی کاری زانستی شوێنەواری .
25. خەرجکردنی دەرماڵەی ترسناکی مەیدانی (حقلی) بۆ شوێنەوارناسان و کارمەندانی بواری شوێنەوار و کەلەپوور لە ماوەی کارکردن لە کنە و پشکنین، نۆژەنکردنەوە، چاککردنەوەو صیانەکردنی پارچەی شوێنەواری.
26. ڕێگەدان بە ئیدارەی شوێنەوار بۆ سوود وەرگرتن لە ناوچەی پارێزراوی شوێنەواری (محرمات) دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی پێگە شوێنەواریەکە و ئەنجامدانی کاری زانستی شوێنەواری.
27. دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی شوێنەواری هەرێم رووپێوی سەرتاسەری لە هەرێم ئەنجام بدەن، بۆ دیاریکردن و تۆمارکردنی هەموو ئەو ناوچە شوێنەواریانەی کە شیاون بۆ گەشتوگوزار دواتر لەلایەن گەشتوگوزارەوە، کاری تێدا بکرێت لەژێر چاودێری ئیدارەی شوێنەوار، بەمەرجێک لە هەموو دۆخێکدا ڕەسەنایەتیان پارێزراو بێت و نەشێوێندرێن .
28. بەدەرکردنی هاتنە ژورەوەی نێردە شوێنەوارییهکانی بیانی بواری زانستی شوێنەوار لە باجی هاتنە ژوورەوە کە بڕەکەی (70) دۆلارە بۆ هەر ئەندامێک کە ئەمانە لە بواری زانستی شوێنەوارناسی لە هەرێم کاردەکەن، کە لە سەر بودجەی خۆیانن، کۆمپانیای قازانج بەخش نین، لە گەڵ رێگەپێدانیان بەهێنانە ژورەوەی ئامێر و کەلووپەلی پێویستی بواری ئەنجامدانی کاری شوێنەواری ئەو تیمانەی لە گەڵ وەزارتی شارەوانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار مۆڵەت دراون .
29. دروستکردنی بینایەکی شیاو بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم لە هەولێری پایتەخت بەجۆرێک شیاوی شوێنەوار و شارستانیەتی دێرینی نەتەوەکەمان بێت.
30. بەدەرکردنی (استثناء) بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوارو کەلەپووری (هەڵەبجە، ڕاپەڕین، ئاکرێ، زاخۆ) لە مەرجەکانی دامەزراندن، تاکو میلاکی پێویستیان لەڕێگەی دامەزراندنی هەمیشەیی یان گرێبەست لە بوارو پسپۆڕییەکانی (شوێنەوار، ژمێریاری، ئەندازیاری، یاسایی، کارگێڕی، ئەندازیاری تەلاسارسازی کۆن، مێژوو و جوگرافیا) بۆیان دادەنرێت.
