رووسیا هه‌موو ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێی كردوون

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیه‌ندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی میخایل بۆگدانۆڤ بۆ هه‌رێمی كوردستان بلاوکردەوە

سه‌رۆك بارزانی و میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنه‌ری سه‌رۆكی رووسیا
سه‌رۆك بارزانی و میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنه‌ری سه‌رۆكی رووسیا

K24- هه‌ولێر:

دوای سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ کارووباری رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقيا و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئێوارەی ئەمڕۆ لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە کۆتایی بەسەردانەکەی هێنا.

لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی دوو رۆژەی میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی دوو رۆژەی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا کردووە، کە لەرۆژی 1ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك مەسعود بارزانی و مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و ئەمڕۆش 2ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر، دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبووە.

لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە، لەدیدارەکاندا گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و برەودانی زیاتر بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا کرا، هەروەها سەرنج لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە فرەلایەنەکانی رووسیا و کورد و بنیتانانی هاوکاری و هەماهەنگیی  هاوبەش بەتایبەت لەکەرتی وزەدا چڕکرایەوە، لەبەشێکی تری راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەبەر رۆشنایی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، تاوتوێی بارودۆخی عێراق کراوە، پێویستی پتەوکردنی هەوڵەکانی سەرجەم هێزە سەرەکیە سیاسی و ئیتنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان جەختی لێکراوەتەوە.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەقووڵی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر بارودۆخی سووریا، جەختکردنەوە لەسەر پەرەسەندنەکانی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەشێکی تری دیدارەکان بووە و بە گرنگییەکی تایبەتەوە باس لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاسایکردنەوەی سیاسی لەسووریادا کراوە، کە دەبێت بەپێی بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو بڕیارانەی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاستانە بە ئاکام گەیشتوون و عێراق وەك وڵاتێکی چاودێر تێیدا بەشدارە، دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

لینکی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا:

https://www.mid.ru/foreign_policy/news/-/asset_publisher/cKNonkJE02Bw/content/id/4981967

Fly Erbil Advertisment