دادوه‌ر ده‌هام ئه‌كره‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ی دوو كورسی پارتی زوڵم بوو

به‌ هه‌ڕه‌شه‌، هه‌ندێك لایه‌نی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیان ناچار كرد داوا بكه‌ن ماوه‌ی تانه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌

دادوه‌ر ده‌هام ئه‌كره‌م، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان
دادوه‌ر ده‌هام ئه‌كره‌م، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

دادوه‌ر ده‌هام ئه‌كره‌م، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ دادوه‌ره‌ و له‌ پۆلێنی یه‌كه‌می دادوه‌رانی كۆمیسیۆنه‌ رایگه‌یاند، له‌ ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌دا ماوه‌ی تانه‌ لێدان درێژكراوه‌ته‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسیی پارتی زوڵم بوو.

له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی ئه‌مشه‌وی كوردستان24، دادوه‌ر ده‌هام ئه‌كره‌م، باسی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵێكی ناڕاست كرد و گوتی: سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه‌ی گوایه‌ من هۆكارم به‌ له‌ده‌ستدانی دوو كورسییه‌كه‌ی پارتی، ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ راستییه‌كی نییه‌ و هۆكاره‌كه‌ دیاره‌ كێیه‌.

گوتیشی: دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو كاندیدی پارتی به‌ ناوی له‌یلا ئه‌كره‌م سه‌عید له‌ هه‌ولێر و عه‌بدولسه‌لام شه‌عبان له‌ مووسڵ له‌ كاتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی براوه‌ بوون و دوای پێشكه‌شكردنی تانه‌ له‌ لایه‌ن كاندیدانی لایه‌نێك، له‌ ئه‌نجامی تانه‌كان ده‌ركه‌وت هه‌ندێك هۆكار هه‌بووه‌ بۆ سووتاندنی ده‌نگی چه‌ند وێستگه‌یه‌ك.

هه‌روه‌ها گوتی: وه‌ك خۆم بڕوام به‌ هۆكاره‌كان نه‌بوو، كه‌ بوونه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و دوو كاندیده‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌و دادوه‌ره‌ گوتی: له‌ باره‌ی تانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ گوایه‌ چه‌ند ده‌نگێك دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌ و یه‌كێك زیاتر له‌ جارێك ده‌نگی داوه‌، به‌ڵام نازانرێت ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زیاتر له‌ دوو جار ده‌نگی داوه‌ ده‌نگی بۆ كێ چووه‌، دووه‌م مافی ده‌نگده‌ر واده‌خوازێت ناوی ئاشكرا نه‌كرێت و نابێت ناوی بهێنرێت، جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌، به‌ پێی مادده‌ی 39 و بڕگه‌ی ج، له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن باسی ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان دووباره‌ بوونه‌وه‌ و ده‌كرێت سندوقه‌كان بكرێنه‌وه‌ و به‌ ده‌ست بژمێردرێن و هه‌ر ئه‌نجامێك هه‌بوو، ئه‌وا په‌سند ده‌كرێت، دوای كردنه‌وه‌ی سندووقه‌كه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌نجامی ئه‌لیكترۆنی و به‌ ده‌ست ژماردنی ده‌نگه‌كان له‌ سه‌دا سه‌د وه‌ك یه‌ك بوون، به‌ڵام ده‌سته‌ی دادوه‌ری رایه‌كی دیكه‌ی هه‌بوو، به‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌ 39 بڕیاری دا به‌ سووتاندنی كۆمه‌ڵێك وێستگه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ زیانی كاندیده‌كانی پارتی شكایه‌وه‌.

گوتیشی: ده‌سته‌ی دادوه‌ری له‌ 3 دادوه‌ر پێكدێت و ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران 9 كه‌سن و 7مان دادوه‌رین و له‌ پۆلینی یه‌كه‌مین و دوانیش راوێژكارن و رای 9 كه‌س به‌هێزتره‌، به‌ڵام به‌ پێی یاسا بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ری یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ن، به‌داخه‌وه‌.

له‌ باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی تانه‌ لێدان، گوتی: ماوه‌ی تانه‌ لێدان 3 رۆژ بوو، به‌ڵام دواتر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌نگێكی زۆریان له‌ده‌ستدابوو و كورسییان كه‌م هێنابوو، به‌ فشاری شه‌قام و به‌ هه‌ڕه‌شه‌، هه‌ندێك لایه‌نی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیان ناچار كرد داوا بكه‌ن ماوه‌ی تانه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌ و سێ رۆژی دیكه‌ درێژكرایه‌وه‌ و ئه‌وه‌یان به‌ ده‌رفه‌ت زانی تانه‌ بده‌ن و ده‌سته‌ی دادوه‌ریش ئه‌و بڕیاره‌ی دا.

دادوه‌ر ده‌هام ئه‌كره‌م، جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ هیچ كاتێك به‌رگری له‌ لایه‌نێكی دیاریكراو نه‌كردووه‌ و گوتی: به‌ گوێره‌ی قه‌ناعه‌تی من زوڵم له‌و لایه‌نه‌ كرا، كه‌ كورسییه‌كانی كه‌م كرانه‌وه‌، جا هه‌ر لایه‌نێك بێت.

روونیشیكرده‌وه‌، بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ری بڕیاری كۆتاییه‌ و ده‌كرێت هه‌وڵی دیكه‌ش بدرێت و په‌نا ببرێته‌ به‌ر دادگای ئیتیحادی و من ناتوانم له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ جیاتی كه‌س قسه‌ بكه‌م.