براى سێ شه‌هیده‌كه‌ی په‌لاماری داعش: باوه‌شی مه‌سرور بارزانی خه‌مه‌كانی منی ره‌وانده‌وه
24 كاتژمێری نه‌برد سه‌رۆكی حكومه‌ت ئێمه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه و باوه‌شی گه‌رمی پێداگرتم

K24- مه‌خموور:
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، كازم ئیسماعیل، برای سێ شه‌هیدی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجه رایگه‌یاند، ئه‌و باوه‌شه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیداگرتم، خه‌مه‌كانی منی ره‌وانده‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و باوه‌شه‌ی مه‌سرور بارزانی ئاگری دڵی منی كه‌مكرده‌وه، چونكه به‌ڕاستی زۆر ناخۆشه ته‌رمی سێ برای خۆت به‌ده‌ستی خۆت له قادرمه‌ی شۆڕ بكه‌یته‌وه.. زۆر ناخۆشه.. ئه‌و جلانه‌ی له‌به‌رمن، هێشتا خوێنی براكانمی پێوه‌یه".
سه‌باره‌ت به په‌یامه‌كه‌شی كه شه‌وی رابردوو بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت ناردبووی، كازم گوتی: "دوێنێ شه‌و په‌یامی راسته‌وخۆم بۆی نارد، گوتم: جه‌نابی سه‌رۆك وه‌ره خه‌ت.. هیوادرم بێیه خه‌ت.. زۆر پێخۆشحاڵ بووم كه 24 كاتژمێری نه‌برد و سه‌رۆكی حكومه‌ت ئێمه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه و باوه‌شی گه‌رمی پێداگرتم.. خه‌مه‌كه‌م كه‌متر بووه‌وه".
هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا بۆ كوردستان24، برای سێ شه‌هیده‌كه گوتی: "شه‌وی رابردوو شێخ سیروان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی پێوه كردم، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وكات ته‌له‌فۆنه‌كه‌م لای من نه‌بوو و له‌ده‌ست براكانم بوو، شێخ سیروان به براكانی منی راگه‌یاندبوو، كه منیش یه‌كێكم له براكانی ئێوه و ئاماده‌م له‌پێناو خاك و نیشتیمانی خۆمان شه‌هید بین".
دووپاتیشیكرده‌وه، "هیوادارم نه‌ك ته‌نها براكانم، به‌ڵكو خوێنی هه‌موو شه‌هیده‌كان به‌فیڕۆ نه‌چێت و هه‌ر دڵۆپه خوێنێك ببێت به سیمبوڵێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی كورد و كوردستان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "راسته‌وخۆ داوامان كرد، پێگه و خاڵه‌كانی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه له سنووره‌كه‌مان به‌هێزتر بكرێن و هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و داواكارییه‌مان راسته‌وخۆ له سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و باوه‌ڕیشمان پێی هه‌یه كه ئه‌و داواكارییه‌مان جێبه‌جێ ده‌كات".
شه‌وی رابردوو سێ برای كازم ئیسماعیل به‌ناوه‌كانی (ئازاد ئیسماعیل، بارزان ئیسماعیل، نازم ئیسماعیل) و 10 پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له په‌لاماره‌كه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجه له بناری چیای قه‌ره‌چوخ شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون.
H.B