ئەمەریکا لەگەڵ کازمی باسی کشانەوەی هێزەکانیان دەکات

کۆتاییهێنان بە رۆڵی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی

هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق - ئەرشیف
هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکات.

لە دیدارێکی نێوان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، و ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا و باس لە هەنگاوەکانی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق کراوە.

بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەو دیدارە باس لە پێشکەوتنەکان و کۆتاییهێنان بە رۆڵی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کراوە، بەپێی دیالۆگی ستراتیژی نێوان واشنتن و بەغدا.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا، جەختی لەسەر گرنگی سەقامگیری عێراق و گۆڕینی ئەرکی هێزەکانیان بۆ راوێژکاری کردەوە.

دیداری نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا - 4/12/2021
دیداری نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا - 4/12/2021

لەلایەکی دیکە هاوپەیمانی فەتح، هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکان، لەبارەی تەگەرە خستنە بەردەم کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.

حامد موسەوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای بەڵێنەکانی ئەمەریکا، بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ کشانەوە دیارنییە، هۆشداریشی دایە ئەو لایەنە سیاسییانەی، دەیانەوێت تەگەرە بخەنە بەردەم پرۆسەکە.

لەبارەی هاوکارییە سەربازییەکانیشەوە گوتی "ئەو چەک و ئامێرە سەربازییانەی ئەمەریکا دەیداتە عێراق، بە کەڵکی بەکارهێنان نایەن".

بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان واشنتن و بەغدا، بڕیارە لە 31ی ئەم مانگە، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە و ئەرکی سەربازەکان ببێتە راوێژکاری.

Fly Erbil Advertisment