توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ: ئۆمیكرۆن كه‌متر مه‌ترسیداره
له باشووری ئه‌فریقیا ئۆمیكرۆن له‌گه‌ڵ گۆڕاوه‌كانی دیكه‌ی كۆرۆنا به‌راورد ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:
زیاتره له 10 رۆژه زنجیره گۆڕاوه نوێیه‌كی كۆرۆنا ئاشكرا كراوه، كه به ئۆمیكرۆن ناسراوه، هێشتا زانیارییه‌كان باس له مه‌ترسیداری ئه‌و گۆڕاوه‌ی نوێیه ده‌كه‌ن، به‌ڵام توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر ئه‌و تووشبووانه‌ی باشووری ئه‌فریقیا كراوه، كه به‌هۆی ئۆمیكرۆنه‌وه له نه‌خۆشخانه خه‌وێندراون، ده‌ركه‌وتووه، نیشانه‌كانی جیاوازن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه رێژه‌ی مردنیشی جیاوازه، به‌راورد به گۆڕاوه‌كانی دیكه‌ی كۆرۆنا.
زانایان و توێژه‌ران هۆشداری ده‌ده‌ن، كه هێشتا زووه بڵێین نیشانه و مه‌ترسییه‌كانی ئۆمیكرۆن له چ ئاستێكه، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن زیاتر توانای ته‌شه‌نه‌كردنی هه‌یه، به‌رواورد به جۆره‌كانی دیكه‌ی كۆرۆنا.
پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی "چوان"ی تایبه‌ت به كۆرۆنا له هه‌رێمی گوتینگ له باشووری ئه‌فریقیا رایانگه‌یاند، له‌نێوان 42 تووشبووی كۆرۆنا كه له (2ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر)ـه‌وه چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه، 70%یان پێویستیان به ئامێری هه‌ناسه‌دان نه‌بووه.
ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه، ئه‌وانه‌ی پێویستیان به ئامێری هه‌ناسه‌دان هه‌بووه، (9) كه‌س بوون، كه كێشه‌ی هه‌وكردنی سییه‌كانیان هه‌بووه، كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه درووست بووه، چوار تووشبووی دیكه‌ش له چه‌ند حاڵه‌تێك پێویستیان به به‌كارهێنانی ئامێری هه‌ناسه‌دان هه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆناوه نه‌بووه.
رۆژنامه‌ی "وال ستریت جۆرۆنال" له زاری "فه‌رید عه‌بدوڵڵا"، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئایدز و سیل له ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه پزیشكییه‌كان له باشووی ئه‌فریقیا روونیكرده‌وه، شه‌پۆڵه‌كانی دیكه‌ی كۆرۆنا به‌و شێوه‌یه نه‌بوون، تووشبووانی كۆرۆنا له شه‌پۆڵی پێشتری كۆرۆنا له باشووری ئه‌فریقیا زۆربه‌یان له نه‌خۆشخانه‌كان پێویستیان به ئامێری هه‌ناسه‌دان هه‌بووه.
به‌گوێره‌ی شیكردنه‌وه‌ی تاقیگه‌یی، كه بۆ 166 تووشبووی كۆرۆنا كراوه، كه له ماوه‌ی 14 تا 29ی مانگی رابردوو له نه‌خۆشخانه خه‌وێندرابوون، زۆربه‌یان له ته‌مه‌نی خوار په‌نجا ساڵی بوون، ڤاكسینی كۆرۆناشیان وهرنهگرتبووه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له‌و ماوه‌یه‌دا له نه‌خۆشخانه 10 كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه، كه پێنج كه‌سیان ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 60 ساڵییه‌وه بووه، 4 كه‌سیشیان ته‌مه‌نیان له نێوان 26 تا 36 ساڵی بووه، منداڵێكیش گیانی له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام مردنه‌كه‌ی به‌هۆی كۆرۆناوه نه‌بووه.