تێكه‌ڵاوكردنی دوو جۆری جیاوازی ڤاكسینی كۆرۆنا ئه‌نجامی جیاوازی ده‌بێت
توێژینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامی وه‌رگرتنی دوو ژه‌می جیاوازی ڤاكسینی كۆرۆنا ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ له به‌ریتانیا بۆ ئه‌و كه‌سانه كراوه، كه ژه‌می یه‌كه‌می ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا، یان فایزه‌ریان وه‌رگرتووه، له ژه‌می دووه‌مدا جۆرێكی دیكه‌ی ڤاكسینیان پێدراوه، به‌رگرییه‌كی به‌هێزتریان بۆ درووست بووه به‌رامبه‌ر به ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ماسیۆ سنابی، مامۆستا له زانكۆی ئۆكسفۆرد به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، زانیارییه‌كی نوێمان له‌سه‌ر درووستبوونی به‌رگری به‌رامبه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزیوه‌ته‌وه، كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له جۆری جیاواز ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه، به‌رگرییه‌كی به‌هێزتریان له‌و كه‌سانه هه‌یه، كه له جۆردا دوو ژه‌می ڤاكسینیان پێدراوه.
ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه هیوایه‌ك ده‌به‌خشێته وڵاته مامناوه‌ند و هه‌ژاره‌كان، كه له كۆمپانیای جیاواز ڤاكسینی كۆرۆنایان ده‌سته‌به‌ر كردووه، ئه‌مه سوودی بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت، له‌كاتی ناسه‌قامگیری، یان به‌سه‌رچوونی ماوه‌ی ڤاكسینێك، پێویست ناكات چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی ئه‌و جۆره بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌كرێت ڤاكسینی كۆرۆنا له جۆرێكی دیكه به‌كاربهێنن.
مامۆستاكه‌ی زانكۆی ئۆكسفۆر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه پێویست ناكات چیدیكه له وه‌رگرتنی ژه‌می دووه‌می كۆرۆنا خۆمان به یه‌ك جۆر ڤاكسینه‌وه په‌یوه‌ست بكه‌ین.
توێژه‌ران له زانكۆی ئۆكسفۆرد جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، له كاتی وه‌رگرتنی ژه‌می یه‌كه‌می كۆرۆنا له جۆری ئه‌سترازینیكا، پێویسته ژه‌می دووه‌م ڤاكسینی مۆدێرنا یان نۆڤاڤاكس بێت، یان ڤاكسینیێكی دیكه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته جه‌سته ته‌نۆچكه‌ی به‌رگری وا درووستده‌كات، كه زیاتره له‌وه‌ی له دوو ژه‌می ڤاكسینی ئه‌سترازیكا یان دوو ژه‌می ڤاكسینی فایزه‌ر درووست ده‌بێت.
توێژینه‌وه‌كه له‌سه‌ر 1070 كه‌سی خۆبه‌خش ئه‌نجام دراوه، كه ژه‌می یه‌كه‌م ڤاكسینی فایزه‌ریان وه‌رگرتووه و له ژه‌می دووه‌مدا ڤاكسینی مۆدێرنایان پێدراوه، ئه‌نجامه‌كه باشتره بووه به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی دوو ژه‌می ڤاكسینی فایزه‌ریان لێدراوه.