ئيسرائيل: تاران هێزه‌كانی له رۆژئاوای ئێران كۆكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر وڵاته‌كه‌مان بكات
گانتس: هه‌رچی پێویست بێت بۆ پارێزگاریكردن له هاووڵاتیانمان، ده‌یكه‌ین

K24- هه‌ولێر:
بینی گانتس، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل گوتی: ئێران ده‌ستی به كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی كردووه له رۆژئاوای وڵاته‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر چه‌ند وڵاتێك و هێزێكی جیاواز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات، به‌دیاریكراویش بۆ سه‌ر ئیسرائیل، "ئێمه‌ش هه‌رچی پێویست بێت بۆ پارێزگاریكردن له هاووڵاتیانمان، ده‌یكه‌ین".
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له واشنتنی پایته‌خی ئه‌مه‌ریكا، گانتس دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته ئیسرائیل ئاماده بێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراو و هه‌رچی پێویست بێت ده‌یكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له هاووڵاتیانمان و ده‌ستكه‌وته‌كانمان بكه‌ین".
گوتیشی: "ئێران ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نییه بۆ سه‌ر ئاسایشی ئێمه، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌یه بۆ سه‌ر شێوازی ژیان و بههاكانیشمان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێران به ره‌فتاره‌كانی هه‌وڵ ده‌دات ببێته وڵاتێكی خاوه‌ن هه‌ژموون له ناوچه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شوێنه‌واره‌كانی ئازادی، رێزگرتنی مرۆڤ و ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌ناو ببات و به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌شی وه‌ك ئامرازێك بۆ ئامانجی هه‌ژموونگه‌رایی خۆی به‌كارده‌هێنێت".
وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل جه‌ختی كرده‌وه، "له دانوستانه‌كانی ئه‌تۆمیدا له ڤیه‌ننا، ئێران سه‌ركێشی ده‌كات و یاری به كات ده‌كات".
سه‌رچاوه: تایمز ئۆف ئیسرائیل
H.B