ئەمەریکا: پابەندین بە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا

رۆڵی هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەرز دەنرخێنێت

ئاڵای عێراق - ئاڵای ئەمەریکا
ئاڵای عێراق - ئاڵای ئەمەریکا

K24 - هەولێر

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق جەخت لەسەر پانەندبوونی واشنتن بە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەکاتەوە.

لە یادی چوارەم ساڵەی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعش، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، جەخت لەسەر پانەندبوونی واشنتن بە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا کراوەتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەو راگەیەندراوەدا رۆڵی هێزە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی، لە قوربانیدان لەپێناو وڵاتێکی ئارام، سەقامگیر و دیموکرات بەرزنرخاندووە.

بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان واشنتن و بەغدا تا 31/12/2021، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکشێنەوە.

لەوبارەوە دوێنێ هەینی 10/12/2021، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ به‌ ته‌واوی عێراق به‌جێده‌هێڵن".

ئاماژە بەوەشکراوە: "رێككه‌وتنی عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆی ستراتیژی كراوه‌ و تیمه‌ ته‌كنیكییه‌كان له‌ باره‌ی گواستنه‌وه‌ی تاكه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆڵی شه‌ڕكه‌ریان هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان".

Fly Erbil Advertisment