كرێكارێك له خاوه‌نكاره‌كه‌ی توڕه ده‌بێت و كۆگایه‌كی گه‌وره ده‌سووتێنێت
به ڤیدیۆ.. له رێگه‌ی كامیرای چاودێرییه‌وه ئاشكراكرا

K24 - هه‌ولێر:
ئاگرێكی گه‌وره له كۆگایه‌ك له پارێزگای "ناخون"ی تایله‌ند كه‌وته‌وه، كه هه‌زاران گالۆنی "رۆن"ی تێدابووه، ئاگره‌كه زوو ته‌شه‌نه‌كه‌ی كردووه، جگه زیان گه‌یاند به كۆگاكه، 10 ماڵیش له نزیك كۆگاكه زیانیان به‌ركه‌وتووه و چه‌ند كه‌سێكیش به هۆی رووداوه‌كه برینداربوون.
رۆژنامه‌ی "All That's Interesting"ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، پۆلیس ئافره‌تێكی ده‌ستگیركردووه، كه ته‌مه‌نی (38) ساڵه و ناوی "ئان سریا"یه، ئه‌و ئافره‌ته كرێكاری كۆگاكه بووه، تۆمه‌تبار كراوه به ئه‌نجامده‌ری سووتاندنی كۆگاكه، به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس ئافره‌ته‌كه له به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی توڕه بووه، بۆیه ئه‌و كاره‌ی كردووه.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یل"ی به‌ریتانی، ئاشكراكردنی رووداوه‌كه له رێگه‌ی كامیرای چاودێرییه‌وه بووه، كاتێك كارێكاره‌كه ده‌چێته كۆگاكه و چه‌ند شتێكی لایه، كه پێده‌چێت كاغه‌ز بێت، دوای ئه‌وه‌ی له كۆگاكه دێته ده‌ره‌وه، دووكه‌ڵ له كۆگاكه بڵند ده‌بێته‌وه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، به‌هۆی توڕه‌بوونی ئه‌و ئافره‌ته، زیانه‌كان به 1.2 ملیۆن دۆلار خه‌مڵێندراوه، كه تێیدا 40 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه خه‌ریكی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه بوون و 10 ماڵیش زیانیان به‌ركه‌وتووه، چه‌ند كه‌سێكیش به‌هۆی ئه‌وه‌وه برینداربوون.
له راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیسدا هاتووه، ئافره‌ته‌كه ماوه‌ی (9) ساڵ له كۆمپانیای "Prapakorn Oil" كاری كردووه، دوای لێكۆڵینه‌وه دانی به‌وه ناوه، كه ئه‌و ئاگری له كۆگاكه به‌رداوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له خاوه‌نكاره‌كه‌ی توڕه بووه، به‌ڵام پێشبینی نه‌كردووه، كه ئاگره‌كه ئه‌وه‌نده گه‌وره بێت و زیانێكی زۆری لێبكه‌وێته‌وه.