لە 2021 کارەساتە سرووشتییەکان نزیکەی 250 ملیار دۆلار زەرەریان داوە
زیانی ئابووری کارەساتە سرووشتییەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە 24% زیادی کردووە

K24 - ههولێر:
کۆمپانیای "سویس ری" تایبەت بە دابینکردنی بیمە (دهستهبهری) رایگەیاند، لە خەمڵاندنێکی سەرەتاییدا زیانە ئابوورییەکانی کارەساتە سرووشتییەکان لە ساڵی 2021دا، بە نزیکەیی 250 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "فرانس24"، زیانی ئابووری کارەساتە سرووشتییەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە 24% زیادی کردووە.
ئەمساڵ، گەردەلوولی ئایدا گەورەترین کارەساتی سرووشتی بوو بۆ کۆمپانیاکانی بیمە، کە بووە هۆی لافاو لە نیۆیۆرک و زیانە ئابووریەکەی لە نێوان 30 ملیار بۆ 32 ملیار دۆلار بوو، کە بەدوای خۆیدا گەردەلوولی زستانەی ئوری لە ئەمەریکا دەستیپێکرد و شەپۆلەکانی سەرما گەیشتنە تەکساس و زیانی بە تۆڕەکانی کارەبا گەیاند، کۆمپانیاکانی بیمە بە 15 ملیار دۆلار زیانەکانی دەخەمڵێنن.
لە ئەوروپاش لافاو لە ئەڵمانیا و بەلجیکا و وڵاتانی دراوسێی لە مانگی تەممووزدا 40 ملیار دۆلار زیانی ئابووری لێکەوتەوە.
جگە لەم کارەساتە سرووشتییانە، زیانە ئابوورییەکان لە کارەسات و رووداوە مرۆییەکان بە 9 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.